پەشیمانی پینەیە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
849 بینین
ڕانکە شڕێکم هەبوو
لا بوزگوڕێکم هەبوو
کوڵکەی بزنە شینە بوو
پڕی پەڕۆ و پینە بوو
هەموو ڕەنگی تیابوو
کەمتر شینایی مابوو
نێفەک تەنگ و دەلینگ فش
هەر دەجووڵام جڕوخش
قۆشیک لەو دراوێ لەم
سەریەکم نا زۆر و کەم
ڕانکێکی تازەم کڕی
بۆخۆم ئەندازەم بڕی
زۆر تەرز و ڕێک و لەبار
نیوەی چوو ناوی هەژار
بەنیازی چۆغە و کەوا
شەوێک نوستم، لەخەوا
ڕانکی گۆرین هاتە لام
پاشی شەو باش و سەلام
وەک قەرەچ و سازندە
ملی نا لە گازندە:
چاکەت لە چاوا نەبوو
کەی کاری پیاوانە بوو؟
چەند ساڵێک هەواڵت بووم
یاری ڕۆژی تاڵت بووم
با تۆزێکیش دڕاو بام
با کەمتر لەبەر چاو بام
بە پینە چارم هەبوو
کەڵکی هەژارم هەبوو
بەڵام خۆت بلەوەز بووی
لە دروونەوەم وەڕەز بووی
چوومە لای بەرگدروو
کونبڕ کرام بە پنوو
بوومەوە ڕانکی لە نوێ
وەستاژن بەمن دەنوێ
وەرە بەشکو بمکڕی
پێم خۆشە تۆ بمدڕی
ئیتر ئەوجار وەک پێشان
نابمە مایەی سەر ئێشان
***
وتم ڕانکی ڕەگەز شین
کۆنە هەواڵی پێشین
تۆش وەک هەواڵی مرۆ
دەستم مەبەستە بە درۆ
یارن بە چەوت و لاری
چالاکن لە بێ باری
وەک تۆ شڕ و کون کونن
سەر دۆستی بن دوژمنن
کە خۆمیان لێ دەبوێرم
هی تازە هەڵدەبژێرم
دێن دەڵێن پەشیمانین
وەک دیوتە ئێستە وانین
واتا پینە کراوین
وەک تازە لەبەر چاوین
***
شڕەی کۆنە هەواڵم
پێت وا نەبێ مناڵم
شڕێ پینە وەردەگرێ
چۆن وەکو ساغ بەر دەگرێ
چی بە پەڕۆ و پینەیە
ماڵی کەس نەبینەیە
پنوو کە چوە سەر بوزوو
لەبیر ناچێ شڕبوو زوو
پینەدار عەیب دارە
ناچار بەرگی هەژارە