سواری مار

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  961 بینین
بێ هێز بووە ماری پیر
نەیتوانی بچتە نێچیر
سۆمای چاوی نەمابوو
باوی ڕاوی نەمابوو
خشی بە وردە لۆقان
تا گەییە ئاغای بۆقان
دەستی ئاغای ڕامووسی
دایبەستە زمان لوسی:
ئاغای گران و گەورە
کێ وەک تۆ سایە چەورە؟
بۆقی وەک تۆم نەدیوە
جیهان بێ تۆ هەتیوە
ئەز گۆری گەرچی مارم
هەر بێ فەڕی بوو کارم
بەڵام لەمڕۆ بەولاوە
گەزندەییم نەماوە
ڕاوی جانەوەر ناکەم
بەدڵ بە نیازی چاکەم
داڵدەم بدە لەلای خۆت
بمخە ژێر خاک و پای خۆت
بیکە سندووقی سەرت
بم کە بە بارەبەرت
سوارم بە بۆ سەفەرێ
با گوناهم هەڵوەرێ
***
بۆ قاغا بەو هەڵدانە
هەڵمسا وەک هەنبانە
بۆ قەتی لەبیر نەما
لەدڵیا گەڕا سەما
وتی: ئافەریم، زانای
جێم لەلای خۆم بۆ دانای
تۆ ماری خانەدانی
دام و دەستوور دەزانی
چیت نیازە با وابێ
ئاغاش با دڵاوابێ
تۆ بێیتە بەر ئاوزەنگیم
ببی بە ئەسپی جەنگیم
ئەبێ هێزت تیا بێ
ئەمەش بێ بژیو نابێ
مووچەت دوو بۆقی قەڵەو
یەکت بۆ ڕۆژ و یەک شەو
***
مار بوو بە ئەسپی ئاغا
بۆ گەشت و گەڕ لە باغا
ڕووی لە هەر شوێنێ ئەکرد
بۆق کڕنووشیان بۆ ئەبرد
بەقیڕ و هۆڕ لە پێشا
هوڕایان بۆ ئەکێشا:
بۆقاغا سواری مارە
چینی بۆق باری بارە
***
بۆ مار هەڵکەوتبوو هەل
ژینی خۆش، تێر و تەسەل
لەسەر دوو بۆقەی مزی
لەولا و لەم لاش ئەیدزی
هێدی هێدی لێی خوڕی
تا قڕەی لە بۆق بڕی
ئەوسا وتی: ئاغای خۆم
کەست نەما تۆ ئەخۆم
جیقە و فیقەی پێ ناوێ
ژیان لەدڵ دەراوێ
بۆقاغا تا پێی زانی
مار کەوتبوە قووت دانی
لە مردنا بێچارە
دەیقیڕاند: مار هەر مارە!