زەنگی مشکان
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
810 بینین
کۆوەبوون مشکی ماڵان
لە نەنک و مام و خاڵان
کلک باریک و چاوزیت
لمبۆز درێژ و گوێ قیت
بیریان گەڕ و گزی بوو
زەنگۆڵێکیان دزیبوو
گوتیان بێ هەست و چرپە
دەیخەینە کلکی گورپە
هەرکاتێ دەرچێ بۆ ڕاو
زەنگوڵە دەیکا بە قاو
بە خۆشاردنەوە فێرین
گورجێ خۆمان وەشێرین
لەبەر ئەو دەنگە زەنگە
مام گورپە کاری لەنگە
ناتوانێ مشکێ بگرێ
بۆ خۆی لە برسان دەمرێ
ئیتر دەژین وەک پاشا
لە کەندووی نیسک و ماشا
هەڵمەت ئەبەین وەک شێران
بۆ بژیوی جووتێران
هەمبانان دەدڕێنین
کەشک و نان دەقرتێنین
ئەگەر نەما پشیلە
مشکان تلی لی لی لە
***
مشکێ چاویلکە لە چاو
زۆر جیهان دیدە و گەڕاو
سمێڵی سپی و درێژ
وریا و زۆرزان و کەم بێژ
دار گۆچانێ لە دەستا
هەستا لە کۆڕ هەڵوەستا
وتی: ئەی برا و خوشکان
پیر و ڕیش سپیی مشکان
مێشک و کۆن و ڕزیوە
بۆ ئەو زەنگەو دزیوە؟
ئێستا کێ وا ئازایە
خۆ باوێتە بەڵایە
بیخاتە کلکی پسیک
ئیتر نە خرتە و نە جیک
مشکان کردیان بڵاوە
زەنگیش لەو ناوە ماوە
کەوتە دەستی منداڵان
گوتیان: تاڵان هەی تاڵان
هەرکارێ دەست پێ دەکرێ
بیری دواڕۆژی نەبرێ
وەک زەنگی مشکی لێ دێ
داخوا بەهرەی بۆ کێ بێ!