کەوە شەلە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  694 بینین
سەرداری بۆکان عەزیز
خانی سەربەرز و بەڕیز
دیتی کەوێک دەفرۆشن
کڕیاری زۆر لە جۆشن
پرسی: چۆنە ئەو کەوە؟
وا لە دەوری هەو هەوە؟
گوتیان: کەوێکی ڕاوە
کەوی بڕی لەو ناوە
کەوەشەلەی بەناوبانگ
نرخی بۆکانە شەش دانگ
هەرگیز بینی تەنگ نابێ
لە قاسپە بێ دەنگ نابێ
وتی نامە بە پەلە
بۆم بکڕن کەوە شەلە
چل زێڕیان لەسەر بژارد
کەویان بەسەردار سپارد
خان هەڵیپساند سەری
ڕووی کردە دەوروبەری
گوتی: کێ هاوڕەگەزی
بداتە دەست ناحەزی
پاداشی سەربڕینە
نەک وا بەزێڕ کڕینە
هۆشت بێ، کوردی هەژار
گەلت مەدە دەست نەیار