کەری کوڵ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
980 بینین
کەرێکی بێ کلک و کوڵ
زۆر پەژارەی کەوتە دڵ
ڕووی نەبوو لە هیچ دەران
بچتە ناو کۆڕی کەران
کەری دێز و کەری شین
قاقا پێی پێ دەکەنین
گرتی ڕێگای دەشت و چۆڵ
بە زەڕەزەڕ بەسمکۆڵ
هەرگیز نەدەلەوەڕا
هەر بۆ کلکێک ئەگەڕا
ڕێگای کەوتە بەر پاڵێک
کەوتبووە سەر خەیاڵێک
دەیگوت بەڵکو لەو ناوە
شەتڵە کلک چەقاوە
دەیڕوانی و بۆنی دەکرد
هەر بیری کلکی دەبرد
خاوەن زەوی پێی زانی
دەست بە تێڵای گاوانی
کەری کوتا خوری شۆر
لەخوێن سووربوو ملی بۆر
سەر بەرەژێر لێی خوڕی
دوو گوێی لە بندا بڕی
کەری بێچارەی زەبوون
کلک نەبوو گوێشی چوون