حەللەق مەللەق

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  785 بینین
وەک باس کرا ساڵی حەفتا بە بەڵێنی خودموختاریی کوردەواری لە عێراقدا دەگەڵ بەعس ئاشت بووینەوە، بە کوردی لەشەڕ چووینەوە. مامۆستاکان چوونە بەغداشوێن و بوونە وەزیر و مودیر و ئەستاندار و دەست ئەندەرکار. بەشی زۆریان لە ڕێگەی چەوریی پێخۆریان، لەبەر مەستیی پارە و کورسی، تێر ئاگای لە برسی نەما، دەس کرا بە خانوو کڕین و ترۆمبیلی جوان لێخوڕین. پێشمەرگە ڕەمەکییەکانیش کە ئەوان شەڕیان بردەوە، ڕژانە ناوشارانەوە و چوونە ناو ڕیزی بێکاران و لە بیرزلان برانەوە. بەم شیعرانە تۆزێ گلەم لەو خۆبوێرانەی خۆمان کرد و ناوم لێ نا «حەللەق، مەللەق» چیرۆکنووسی بەناوبانگ «مەم» سەرپەرستی کۆواری «هەولێر»ی ئەودەم بۆمی چاپ کرد. منیش بۆ بەڵاگێڕیی ئەم دوو دووبەیتی ئاخریەکەم کە تێر و خەست و خۆڵتربوون دەراویشت و خاڵمان لە جێی بەتاڵ دانا. هەر شیعر لەچاپ هاتەدەر، هەرچی، هەرچی و پەرچی کار لەمست و هەلپەرست و بەناوی کوردایەتییەوە بۆ کورد فرۆشتن چەرچی بوون، وەک زەردەواڵەی هارووژاو هورووژمیان کرد. شیعری ئابڕووبەریان دڕی، مەم یان لەسەر کار وەلابرد، هەزار شکایەتیان پتر لەلای بارزانی لەمن کرد. وتیان هەژار دژی کوردە و خاین دەبێ سزا بدرێ، کە بارزانی ئەمەی پێ زانی خواستمی و شیعرەکانم بۆ خوێندەوە . لەجیاتی سزا سەد ئافەرینی لێ کردم و فەرمووی دەستم دەگەڵ دەستی تۆیە. ئیتر لەدەست ئەو گورگانەی وا کەوڵە مەڕیان پۆشیبوو پاراستمی، مەمیش لە ئازار ڕزگاربوو. شیاوی باسە عارەب و کوردی عێراقی هەڵبەستی تازە بابەتی پەت پساویان کە بەلاوە زۆر پەسەندە ناو لێ ناوە شیعری «حوڕڕ» واتا ئازاد. هەژار بۆگاڵتە شیعری حوڕڕی نووسیوە:
مامە گیان سڵاوی بۆندار
پیرۆز بێ قەفە و کورسی
گەر لە پچووکی خۆت ئەپرسی
ماوم بەڵام بەلارە لار
***
نەگۆڕاوم، هەروەک پێشووم
وەک زوو دیوتم هەر بێکارم
هەر نەدار و نالەبارم
بێ نان و بێ بەرگ و تێشووم
***
مامە گیان ئەوکاتە لە چیا
پێکەوە دەژیاین لە ئەشکەوت
ڕانک شڕۆڵ و کڵاش چەوت
لە هیچ شت لێک نەبووین جیا
***
برای یەکتر بووین ئەو ڕۆژە
دەت فەرموو ئەگەر ئازاد بین!
لە سووچێک بەمافێک شاد بین!
دەتکەمە دەرزیی بەرکۆژە
***
بەناو ئازادیمان وەرگرت
تۆ هاتیە شار و ئەفەندیت
کەس نازانێ چۆنی و چەندیت
خانووی شەش حەو قاتت سەرگرت
***
یانسیبت بردۆتەوە
قاسەت لە پارە ئاخنیوە
زۆربەی زێڕە و کەمی زیوە
منیشت لەبیر چۆتەوە
***
عەریزەم نووسی بۆ خانوو
چونکە خانوویان سووتاندووم
لە زەوی دەریان پەڕاندووم
بێ جێن مناڵ و کەیبانوو
***
لەسەرت نووسی ناتکەوێ
زەوی و خانوو لە کوێ بێنم!
چۆن سەری حوکمات دێشێنم!
بۆخۆت بژی لێر و لەوێ
***
گوتم بێ جلکم، بێ تینم
مەدرەسەی دەوێ زاۆکم
فەرمووت: دە بەردە بەرۆکم
نابێ جارێتر بتبینم
***
دەردی تازەت پێ دامەوە
پاش ئەو هەموو دەردەی چێشتم
بە مارسیدس بەجێت هێشتم
پاپەتیو پیادە مامەوە
***
بێ ئەمەگ، بە خوێنی ئاڵم
کورسی بەرزم بۆ تۆ کڕی
تۆش چڵمی خۆت بە من سڕی
تۆ سازی و من ژیان تاڵم
***
با وا بێ مامە با وا بێ
باخوێن بەهای من فیڕۆ بێ
هەرچی من کردم بۆ تۆ بێ
با ئەو قەرزەی من فەوتا بێ