لە دەمی نەهەنگا

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  647 بینین
ساڵی حەفتا بەعسی عێراق بانگاوازی خودموختاریی کوردەواریی لە ڕووی ناچاری ڕاگەیاند و زۆربەی خوێندەواری کوردیان کێشا شار و مووچە و کاریان بۆ دیاری کرد. لە ساڵی حەفتا و یەکا منی هەژار بەسەرۆکی دەستەی نووسەرانی کوردی عیراق هەڵبژێرام. لە پاش چەرمەسەرێکی زۆر، دەستووری بڵاوکردنی گۆوارێکمان لە ژێر ناوی «نووسەری کورد » لە دەوڵەتی بەعسی وەرگرت. من لام وابوو ئەو مافەی بە کوردیان داوە تا سەر نابێ و بەعسی ملهوڕ هەر بینا پاشگەز بوونەوە و بیانوێکمان بۆ ئەدۆزنەوە و ڕیسە باش بانەدراوەکەمان لێ دەکەنەوە بە لۆکە. بەو خەیاڵە ئەم پەخشان و شیعرەم لە یەکەمین ژمارەی گۆوارەکەدا نووسیوە:
دەڵێن ئەگەر وردە گۆشت و بەرماو لە کەلێنە کەڵپی نەهەنگدا شەوێک بمێنێتەوە لێی دەبێتە ژەهر و دەیکوژێ، جا لە دوای خواردنی نێچیر دەم دەکاتەوە و مەلێکی بچووک دەچێتە ناو زاریەوە و ددانەکانی داژنێتەوە و بەو بەرماوە دەژی:
مەلم مەلێکی بچووکم
بێ هێزن باڵ و دەنووکم
بێ ناوم لە ناو مەلاندا
ئاوارە لە چیا و تەلاندا
ئەگەر هەوا گەرمە، سەردە
جێگەم تەڕاش و بن بەردە
کەس بەسەرم ناکاتەوە
کەس ئاوڕم لێ ناداتەوە
وەکو پووشێکم لەدەم با
شەماڵ دامنێ، زریان دەمبا
باشوو نەمخوا، باز دەمگرێ
ڕێگەم پڕ لە کۆسپە و گرێ
لە ژیانمدا خۆشی نەدیو
لانە شێواوم بێ بژیو
بە ناهومێدی سووڕ ئەخۆم
نازانم بەرەو کوێ ئەڕۆم!
***
دامەزراوم لەلای نەهەنگ
چینە و دانم کەوتۆتە چەنگ
دەمی بۆم داچەقاندووە
گەوی لیچی ڕەواندووە
پێک هاتووین ددان ئاژن بم
لە ناو کەڵپان بەرماو چن بم
من نەبم، دەمی بۆن دەگرێ
من یاریدەی نەدەم، دەمرێ
جێم باشە خوا نەیشێوێنێ
بەڵام تاکەی وا دەمێنێ
نەهەنگی ئاغام زۆرخۆرە
بێ بەزەیە، خاوەن زۆرە
ئەگەر جارێک لەم چینەمدا
مچوڕکێکی هات بە دەمدا
ئەگەر گەرم داهات گیانی
گۆشت مەلی بە دەرمان زانی
ئەگەر لە جوابی پرسیارێک
دەمی بە یەکادا جارێک
منی کڵۆڵ چ بێ چارەم!
ئای کە هەژار و بێ چارەم