مەتەڵ

بۆ کتێبی سەرەتایی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  2277 بینین
ساڵی ١٩٧١ وەک دەستەی نووسەران پێک هات، فەرهەنگستانی کوردانیش بەناوی «کۆڕی زانیاری» دامەزرێنرا، لەوێش بەئەندامی کارا وەریان گرتم. لە لیژنەی کتێبی دەرسیش بۆ مناڵی کورد بەشداربووم، بۆ کۆوار و ڕۆژنامانیش وتار و شیعرم نووسیوە، جاروبارەش بەئارەزوو یان ڕوو لێ نانی هەواڵان تاک و تەرا هۆنراوم هۆنیوەتەوە، بەشی زۆریان بەعسی وێڕای تاڵان کردنی ماڵەکەم لەناویان دان. ئەو تۆزەی کە بۆم خەلساون ئەوانەن کە لەمەودوا دێن:
دەبزانە چییە؟ خۆشە مەتەڵم
بیری لێ بکەوە مەڵێ تەنبەڵم
گیان لەبەرێکە مەلەوانی گۆم
زۆرجاران دیوتە لە ڕووبار و چۆم
بێ قاچ و دەستە، بێ چرپە و هەستە
لەشەپۆل بڕین وەکو مقەستە
باڵیشی هەیە و پێیان نافڕێ
زاریشی هەیە و هەرگیز ناقڕێ
نیوە لە ناوی دەی لەچل کەمە
مای بۆ بنووسە و بیخۆ سێ ژەمە
ئەگەر پێت نەکرا هێشتا بیناسی!
دەتخەمە ناو ئاو دەتکەم بە ماسی