دەمەتەقەی باپیر و پیرۆت
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
4 خولەک
937 بینین
برایم ئەحمەدی محامی کە فەیلەسووف و مامۆستای کوردە خۆفرۆشەکان بوو، لە بێگانەپەرستی و نیشتمانفرۆشیدا ڕووی هەموو نامووس فرۆشێکی سپی کردەوە، لە ڕۆژنامە و کۆوارەکانی «نەوەر » و «ڕزگاری لە نامووس»دا هێرشی دەکردە سەر هەموو کوردێکی کوردستان پەرست و وەک توولە بە کونی خۆی ئەوەڕی. لە ژێر ناوی «مامەپیرە»دا گەمارۆی «هەژار »ی دا و بە تیزەوە پێی گوت «شایەر و موهەرریجی بارزانی» و گوتی «هەژار کۆنە پەرستە و جوێن بە داگیرکەرانی کوردستان ئەدا و تورک و فارس و عەرەب بە برای هاوپشت و دڵسۆزی کورد نازانێ و کارێکی وا دەکا» کوردەکان ئەو برایانەیان ناخۆش بوێ! ئەمەش خزمەتە بە ئیستیعمار و کۆمپەرادۆر و زیانە بۆ گیرفانی زۆڵە کوردە نەجیبەکان». لە وەرامی نووسراوە بەنرخەکانی مامۆستادا ئەمە نووسراوە:
ب: پیرۆت، ئا وەرە پ: ئێ، چی ڕووی داوە؟
ب: لە کاری دنیا سەرم سوڕماوە!
پ: خێرە؟ چی بووە؟ ب: کۆستت نەکەوێ
مامۆستا جاش بێت، ئیتر چت دەوێ؟
پ: کامە مامۆستا؟ ب: کابرا پیرەکە
ئەوەی تۆ ئەت وت پیاوێ زیرەکە
پ: زانیم کێ ئێژی «بلەی ئەحەڕەش»
پیرە پێشەنگی جاشی شێست و شەش
ب: بەڵێ بۆزی پیر ڕێی لێ گۆڕاوە
لەسۆنگەی دراو ئابڕووی دۆڕاوە
لە ژێر عەماشا جاشی گوێ لەقە
باوکی عوڕووبە و فەرخی عەفلەقە
پ: کە وابێ باپیر، ئەو پیرە مامە
جوێن بە کورد ئەدا لە ناو ڕۆژنامە
مامۆستا قادری چەم ڕێزانەکەس
کۆنە کوردەکەی قانوون زانەکەس
ب: عامفەرم پیرۆت، زانیت خۆیەسی
ڕێوی بۆ سیرمە مڵ و مۆیەسی
ئەو ساختەچییەکەی ئەمانگوت کوردە
پشتی لە ڕێباز عارەبا بردە
ئێژێ عارەبی کۆڵوانە سوورم
دۆستی عارەو بوو خوشکەکەی پوورم
ئێژێ: کوردستان ناشێ بۆ کورد بێ
با لەژێر چەکمەی بێگانە ورد بێ
ئێژێ: کێ کورد بێ ڕەگەز پەرستە
کوردستان پەرست نازی و فاشستە
ئێژێ: داگیرکەر برای خۆمانن
کورد بۆ مردن و ئەوان بۆ مانن
پ: پیری ئاخرشەڕ دەک خوا ڕووی ڕەش کا
چۆن توانی، وا خۆی بەسەد جێ بەشکا
هەر ڕۆژ بە گەزێ، هەر شەو بە سەنگێ
هەر سات لە بارێ، هەر کات لە ڕەنگێ
ڕۆژێک لە «ژێ، کاف» دەبوو بە ئەندام
جارێک لە شۆڕش ئەیوت خۆم کوێخام
هەڵی کرد ئاڵای دژی کۆمۆنیست
شووتی و تەماتەش سوور با نەی دەویست
لە هەمەداندا قایش فرۆش بوو
دەمێک لە تاران لە حەیش و نۆش بوو
هاتەوە بەغدا بە داوێن پاکی
هاوماڵی بەعسە بە ئیشتراکی
پاڵو هەڵماڵاو، منەی جۆ دەکا
عارەو سواریەتی و قەوچەی بۆ ئەکا
ب: بەڵێ پیرۆت گیان مامۆستا بلە
جێ پاڵوی شلە و زۆر جاشێ زلە
سووری دووگرە و هێلکەی بەرازە
لە ژێر تارای سوور، عوڕووبە بازە
پ: کەواتە بێژە وەک مەیموون وایە
وە زوڕنای لۆتی دێتە سەمایە
ب: بەڵێ مامۆستا جاشکی مەیدانە
ڕووگە و هومێدی ئاخوڕ و خانە
ئیتر ئالیکدەر بەکرە، موشیرە
بێژن ماست ڕەشە، ئێژێ وەک قیرە
شەڕی کورد بکەن، ئێژێ کوردکوژم
وشتری شاندەن ئەڵێ شیر مژم
نامەرد لە شەرم و نامووس بێ بەشە
سووری کەن سوورە و ڕەشی کەن ڕەشە
پ: ئەی سندانی بێ، نرخی شەرەفی
خاین هەتا سەر دەنگ نادا دەفی
بازی وەڕیشی بابای خۆی ئەکا
سەڵا لەو کەسەش خاین بۆی ئەکا
ب: جا ئێستا تۆ بڵێ کاک بلە چییە!
پ: پیرەکەرێکە و لە ژێر بەعسییە