دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  861 بینین
لە شەڕەکانی ساڵی ١٩٦٩ دا جاشکەکانی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی گوندی کوردانیان بۆ فڕۆکەی دوژمن دەست نیشان دەکرد کە بۆمبارانی کەن، حکومەت بەجفرە بەفڕۆکەوانەکانی خۆی دەگوت: برای بەهیمەت «الاخ الشهمعەرەبی» عومەر دەبابە و پاڵەوان «البطلعەرەبی» عەلی عەسکەری هەر گوندێکی کوردستانیان بۆ دیاری کردن بۆمبارانی بکەن و لەناوی بەرن:
پ: باپیر لە کوێ بووی؟ ب: بەخوا، لەو دەشتە
پ: خۆشە ئەو دەشتە، وێنەی بەهەشتە
ب: بەڵام ئێستاکە وەک جەهەننەمە
کوشت و کوشتارە و هێمناییی کەمە
ژن و مناڵمان لە خوێن شەڵاڵە
لەتەنگانەدان ڕەنجبەر و پاڵە
دوژمنی ناکەس بەر بۆمبای داون
گوند و مەزرامان گەلێک سووتاون
پ: گەرەکتە بێژی بەعسی ناکەسن!
ب: بەعسی چی! پیرۆت جاشک تەرەسن
بەعسی دوژمنە و کوردستانخۆرە
گەر کورد بۆی بکا داخ و ناسۆرە
پ: ئاخر، مام باپیر، جاش کوڕی کەرە
لە حاڵی دنیا زۆر بێ خەبەرە
نەخوێندەوارە بە خۆی نازانێ
کوێری بێ گۆچان پێ لە کوێ دانێ؟
ب: پیرۆت تۆ لە کوێی؟ کوردی خوێندەوار
خوێناو هەڵێنن! لێمان بوون بە مار
بلە ناناسی؟ ئەو مەحامییەکە
مل باریکەکە، مامرە شامیەکە؟
پ: چۆنی ناناسم! مامۆستای خۆم بوو
بەلای خۆی بۆ کورد بۆمبای ئاتۆم بوو
ب: بەڵێ مامۆستا دەس بەخەنەکە
لە پێشا بۆ کورد زۆڕناژەنەکە
ئێستە بۆ پارەو بۆ کوێخایەتی
وازی هێناوە لە کوردایەتی
ئێژێ ئاتۆمم دژی گەلی خۆم
لەگەڵ دوژمنا کوردستان ئەخۆم
جاش مامۆستایە و مامۆستای جاشە
کەری بەرباری بەکر و عەمحاشە
عابای نامەردی لەسەر شانیەتی
دوژمن بە کورد و کوردستانیەتی
جاشکی ئەو لە پێش ڕیزی دوژمندا
بە سەولەی عارەب دێ بە گژ مندا
مناڵی ساواو ژن ئەسووتێنێ
لەجێی کشتوکاڵ مردن دەچێنێ
فڕۆکە گوندم بەر بۆمبا ئەدا
جاشکی مامۆستا دەرسی دا ئەدا
ڕۆژنامەکەی ئەو دوژمن تاو ئەکا
خۆیشی تاژییە و بۆ سەگ ڕاو ئەکا
داویەتە هاری ئەگرێ بەلەکمان
پ: یاخوا کوێری کات نان و نمەکمان
بە نانی کوردان گەورە کراوە
بە پارەی ئێمە پێی خوێندراوە
لەسەر شانی کورد کرا بە حاکم
بۆ دەس بڕینم خۆی کردە کاکم
بە کورد کوردێنە چاوی منی بەست
تا لە سایەی من پلەی کەوتە دەست
لێم هەڵگەڕاوە و ڕووی کردە شاران
ڕۆژێک لە بەغدا جارێک لە تاران
خۆی خۆی فرۆشت و لە منیش ناگەڕێ
لێم بۆتە توڵە و بە کون دەوەڕێ
گەرەکیە ئێمەش جاش بین وەکو ئەو
بەزۆر ڕامکێشێ بۆ تاریکەشەو
سا ئەبێ چ بکەین لەدەس ئەم توڵە!
ب: پیرۆت گیان، خاین تەمەنی کوڵە
خۆ فرۆش هەر بوون لە ناو گەلاندا
قەلی ڕەشیش هەن لەناو مەلاندا
بەڵام دەستی گەل، خاین خنکێنە
گڕپەی ئازادی، دوژمن سووتێنە
کورد و کوردستان هەر ئازاد ئەبێ
دوژمنت کوێر و دۆستت شاد ئەبێ
ڕۆژی داگیرکەر لە ئاوا بوونە
بەرەو ئازادی ئاسۆمان ڕوونە
خاین مەرگی خۆی لەبەر چاویەتی
وا پەلەقاژەی گیانەڵاویەتی
پ: واتە، جاشە ڕەش بەلاش ئەزەڕێ
ب: بێژە، توڵەیە و بە مانگ ئەوەڕێ