دوژمنی نەزان

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  1121 بینین
لە بیرمە لەم کوردستانە
لەم کوێستان و دارستانە
خێوی دیوەخانان مابوون
دوور لە ئێستا کەیخودا بوون
بۆ دڵخۆش بوونی میوانان
دەگەڕان بۆ چیرۆک زانان
سەر گوروشتەی نیوە شەوان
بەهانە بوون بۆ بێ خەوان
ئێستا کە دیوان نەماون
سووری و ڕەشی دەوری داون
زۆربەی کورد بێهۆش کەوتووە
لەناو گوێی گادا خەوتووە
تاو سوتاندی و ناتلێتەوە
مەگین بەخەو بوخلێتەوە!
جا، چونکە دنیا گۆڕاوە
سەرمایەی تەمەڵ دۆڕاوە
خەوتوو دەبێ بێدار کرێ
خۆی بناسێ و وەکار خرێ
بۆ کوردی لە خەو خەوی گێژ
بۆ خۆم دەبم بە چیرۆک بێژ
سەر گوزەشتەی من و عەرەو
بۆ ڕاپەڕینە نەک بۆ خەو!
با گوێم لێ بگرن، گوێ دێران
بتەکنەوە لە خۆ بوێران
***
چیرۆک
یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو
زەوی دەگەڕا بێ پشوو
ڕۆژگارێکیان لە ڕۆژگاران
بەساڵ گەیوەتە هەزاران
زەردەشتی بووم، ئاگرپەرست
گوێم لە ئاوێستا هەڵ دەخست
وتاری موبیدم ئەبیست
ئاهۆرەموزدام خۆش دەویست
ئەهریمەنم لا دزێو بوو
پێم بەدفەڕ و سەربزێو بوو
لەشەڕو شۆڕ خۆم دەپاراست
دەژیام بەگاڵ و کەشک و ماست
چرای شەو ڕون گەرچەکی خۆم
پێڵاوی پێم کڵاشی دۆم
چانگ و بووزووم دەبەر دەکرد
بێ وەی ژینم بەسەر دەبرد
***
بێ ئاگا شەوێک نیوە شەو
بوو بەزیڕژن و بە هەوهەو
وشترسوار بە ناوگوند وەربوون
کراس شۆڕ و بەن بە سەربوون
بە زمانێکی دژوار و ڕەق
دەیان درکاند قسەی نەستەق
ئەڵڵا بەرزە و یەزدان نەوی
تەمی زەند و پازەند ڕەوی
قەڵماسک و ڕم وتیر و شیر
وەک یەک ئەیپێکا لاو و پیر
کێ دەستی دانەنواند کوشتیان
خوێنی کێ گەرم بوو ڕشتیان
تیخیان لەخوێنمان شەڵاڵ بوو
خوێنی مەجووسان حەڵاڵ بوو
هاتنە سەر ژن و منداڵان
ئەویش بەشێک بوون لە تاڵان
چ کرا، کردیان و بردیانن
کەنیز و کۆیلەی خۆیانن
لاوی کورد، پاڵەوانی کار
فرۆشیار دەیدا بەکڕیار
لاوی کورد پاک و ڕووئاڵ
سەودای پێ دەکرا بە کووتاڵ
پێتی ئاگر کەوتە ژێر ئاو
ئاورگەکەم بوو بە میعراو
کرام بە ئیسلامی دین پاک
عارەو لێم بوون بەباب و کاک
موبید لە موغیەتی کەوت
کرا بە مەلای مزگەوت
ڕۆژووم گرت و فێرە نوێژ بووم
خرامە ئاو، بێ کڕێژ بووم
لاشەی باوکم سەنگباران کرد
تفم لە کاری جاران کرد
ئەوی خۆم کوشتم لە وانە
جێگەی نیازانە و چل دانە
وتم ئۆخەی حەسامەوە
خەم لاناکا بەلامەوە
***
لەو ساوە کۆیلەم بۆ کاکم
زۆر گوێ لە مست و چالاکم
هەرچی پێی ئەسپاردم کردم
بۆ ئەو ژیام، بۆ ئەو مردم
پیتاکی خۆم بۆ وەکۆکرد
بۆ شەڕان لەشکرم بۆ کرد
میسر و شامم بۆ ڕزگار کرد
خاچ پەرستم تار و مار کرد
بە زمانە شیرینەکەی ئەو
زەمزەمەم هات بە ڕۆژ و شەو
بە عارەبیم نووسی و خوێندم
هەر بەسەری ئەو بوو سوێندم
زۆر ئامێدی و شارەزووری
بە نۆکەری هات و بووری
فێربووم پشتی خۆم دانەوێ
عارەب پێی لێ نێ و سەر کەوێ
***
گەلانی دیش وەک من هاتن
سەرێک مانەوە و هەڵاتن
بوونە خاوەن ماڵ و ئاڵا
هەر خۆم مامەوە لە چاڵا
هیچ کەس وەک خۆمی دەر نەبرد
کەس وەک منی بەسەر نەبرد
نۆکەریم کرد بێ مووچە و نان
کرام بە دارهەنەی تەونان
کەرکیت بووم کریان پێ کوتام
بەشی من هەر هێندە بوو سوام
گوتم قەیناکا ئیسلامین
هەردوک لکی یەک نەمامین
خوا وای نووسیوە لە چارەم
من پیاوی ئەو ئاغا سوارەم
ڕازیم بە بەشی بێ بەشی
دەسازێم بە چارە ڕەشی
بۆ ئەو هەرچێکی مەبەسە
زەرگ و ڕیش و پرچم بەسە
***
جا وەرنە سەیرم خزمینە
چۆن گەڕا ئەم چەرخە شینە!
لە پاش هەزار ساڵ هاتوو چوو
چوومەوە سەر دەقی پێشوو
من هیچ نەگۆڕام، هەر وا مام
شانازی دەکەم بە ئیسلام
کاکم پەشیمان بۆتەوە!
دیسان لێم تێ هەڵچۆتەوە
لە ئیسلامەتی لای داوە
ئاوڕ ناداتەوە دواوە
کۆمۆنیستیشە و نازیشە
ورچی سپیە و بەرازیشە
هەرچیم بۆ کرد، بە هیچ ڕۆیی
لێم دەڕوانێ بە نامۆیی
نە پیاوەتی هەیە و نە خوا
جوو ئەو دەخوا، ئەو من دەخوا
هەر دەم پەڵپێکم پێ دەگرێ
کاری وام پێ دەکا نەکرێ
عەفلەق لای ئەو پێغەمبەرە
پێم دەڵێ سوژدەی بۆ بەرە
گەر نانیشت لە سەر سێڵە
نیشتمانت بە جێ بێڵە
ناوت ئەگۆڕم لەمەو پاش
کورد نابی و لای خۆم دەبیە جاش
ئەگینا پێت دەڵێم تۆ جووی
هەردوژمنمی و هەردوژمن بووی
***
لەشکری لێ کردووم دیسان
لەشکری دەست و دڵ پیسان
وشتری ئەمڕۆی فڕۆکە
قۆچەقانی نارنجۆکە
تیرەکە بۆتە ناپاڵم
دەیهاوێتە سەر منداڵم
ڕمبی ئێستای لوولە تۆپە
دەم پێکێ لە ڕاستە و چۆپە
بە تێزاب گوندم قڕ دەکرێ
ساوای بێ تاوان گڕ دەگرێ
کوردی خۆ فرۆشیان هەیە
جاشی زۆر لەجۆشیان هەیە
بۆ شەڕ دەستیان لەپشت ئەدەن
هەر خۆم بە خۆم کوشت ئەدەن
بەڵام
بەڵام ئەگەر ئەو گۆڕاون
لە پیاوەتی هەڵچۆڕاون
گەڕی جیهانیشمان گۆڕا
مام نازی لە بازی دۆڕا
شێر بوون بەپەندی پساتێ
تازە تاژیەگەڕ ناگاتێ
دەوری گەل خواردن بەسەرچوو
چیان دەوێ لەدەستیان دەرچوو
نەما ئیتر دەستم ببڕن
دەستی خوێناویم پێ بڕن
چاکیان کرد گەمارۆیان دام
وەک هەبوون خۆیان نیشان دام
ئەگینا هەزار ساڵی دیش
فریو دەدرام بە پرچ و ڕیش
گەنجینە
ئافەریم یابا بۆ کارت
بۆ خۆت و جاشی گوێ لارت
مێژووت بۆ تازە کردمەوە
هاوماڵیت لە بیر بردمەوە
دوژمنی کەر گەنجینەیە
ڕووی ڕەشی تۆ بێ پینەیە
کەوتە روو دیوی ئاوەژووت
کەڵپت دەرکەوتوون گورگە ڕووت
بۆ خۆت جادووی خۆت بەتاڵ کرد
بۆ خۆت خۆت وێرانەماڵ کرد
دەستت لەنوشتە و فوو بەردا
خڵتەت لە مێشکی من دەردا
زۆر بەجێ گورزی خۆت وەشاند
برایەتییەکەت هەڵوەشاند
لە پەیمان رزگارت کردم
لە زۆر دەردان چارت کردم
چیدی بە فێڵ نەت تاساندم
خۆت و خۆشمت پێ ناساندم
بەو گرمەی کە بۆمبات باراند
خەوی هەزار ساڵمت تاراند
بە زۆر چاوت پێ کردمەوە
تۆ دۆڕاندت، من بردمەوە
نۆرەمە
سا، خۆت بگرە بۆ تۆڵەی کورد
بەژانە مستەکۆڵەی کورد
خەنجەرم چاوەڕێی تۆیە
بۆ خوێنی پیس تامەزرۆیە
وەرە بەو خەیاڵە کاڵەت
لە شوێن خەونی هەزار ساڵەت
تا تێ گەی ئەوی دیت هەو نیم
شاهێنی چیام و کەو نیم
بیردانی مێشکت ڕزیوە
خەونی بەراوەژووت دیوە
کوردم و ئازادی خوازم
بە کوردستانم دەنازم
لە سەر چەوێک و لوێچێک خۆڵ
دەدڕم ورگی زۆر کەری زۆڵ
بەهومێدی کوردستانم
بەیاریی کورد پەرستانم
تاڵاوت بەدەمدا دەکەم
کارمت دەگەڵ یەک لا دەکەم
لە کوردستان نەما کارت
تف لە حوشتر و دیدارت
لە پشتت دەبەستم هێلکە
دەچیە لای کوللە و مارمێلکە
دەبێ وات بوکتم بە هێڕی
هەر کەونە خەونان وەگێڕی
هەربڵێ ڕۆژێک دەسبڕ بووین
بەدیمەن جوان و بن شڕ بووین
پەل بی و لە دووی جاشکان هەڵێی
وەیلی و یالەیلیان بۆ بڵێی