دەمەتەقەی باپیر و پیرۆت

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  922 بینین
دوژمن زۆری شایی بە فەوجی مغاویر بوو تا لە شەڕی پێنجوێنا زۆر شپرزە کران. بەو دەمەتەقەیە گاڵتەم بە مغاویر کردووە لە دەنگی پێشمەرگە چاپ کراوە:
ب: مام پیرۆت کزی؟ پ: لێم گەڕێ باپیر
ئەڵێن پاپەتی بوونە مغاویر
مار ئەخۆن، ئاگر ئەنێنە باخەڵ
مریشک ئەدزن وەک ڕێوی و چەقەڵ
ب: پیرۆت بێ دەنگ بە مغاویری چی!
پەلکی پیاز و سەری سیری چی!
لە پێنجوێن ئەوەی بەمان کراوە
لە هیچ دەورانێک وا ڕووی نەداوە
دەڵەک نەدەژیا لە پاش مغاویر
واقوڕ ئەپێون بەزاز و موشیر
پ: دەم خۆش مام باپیر دیارە هەرایە
ب: سەیرە لەو دەشتە جاش بەرهەڵدایە
ترومبێل نەما بەپاشوو هەڵدێن
زابت لە شوێنیان بە پلار و جوێن
یابای عەسکەرە و زەڕینی جاشە
ڕێوی مڕ بووە و لاشە بەلاشە
موشیر ناوی خۆی لە بیر چۆتەوە
بەزاز چاویلکەی لێ بەربۆتەوە
پ: بیستوومە بەعسی دێنە هاواریان
ب: لە بیریان ناچێ دەردی پێراریان
ڕەمەزانیان گرت بە لەشی خاوێن
تازە دێن خۆیان دەئاگر داوێن؟
هەر کەسێ جارێک شەقی کوردی دی
دەرس وەردەگرێ، کەر نابێ چیدی
پ: یەکێ تریش هەس، بڵێی بۆی بکا
ب: با کەچەڵ دەرمان سەری خۆی بکا
وەگیان تۆ پیرۆت گشتیان هەڵبستن
هەر خۆمان یەک بین پێمان ناوەسن
پ: دڵت خۆش کردم، خۆش بی مام باپیر
هەی ڕەحمەت لە تۆ و نەحلەت لە موشیر