چۆن بوومە پێشمەرگە
نامووس پارازتنە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
4 خولەک
888 بینین
ئەم چیرۆکە بەسەر هاتی پێشمەرگەیەکی پیرە کە بۆی گێڕاومەوە و منیش کردوومەتە شیعر. لە ئیزگە خوێنرایەوە و لە ڕۆژنامەی خەباتا چاپ کراوە:
لە مێژە نازانم کەیە
هەر ئەمان بیست شۆڕش هەیە
ئەیانگوت کورد ڕاپەڕیوە
پڕزەی حوکماتی بڕیوە
پێنج شەش گەنجیشمان دیار نەبوون
ئەمانزانی بۆ شۆڕش چوون
بەڵام ئێمەی پیر و بەساڵ
مابووین لە ناو ماڵ و مناڵ
وتمان پیرین و نەفەستەنگ
نەمان ماوە تاقەتی جەنگ
کەس کاری بە ئێمە نییە
ئەم بەردا و بەردەی بۆ چییە!
ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە
مەسەلەیێکی مەنشوورە
***
ئاغامان یەکی زگ زلە
خودا و دینی پارە و جلە
تێر ناخوا ئەڵێی کەندووە
بۆ فلسێک گیانی دەرچووە
چەندێک هەر ئەهات و ئەچوو
جارجار دوو سێ ڕۆژ ون دەبوو
ڕۆژێک تەشریفی هاتەوە
بەتفەنگێکی خەڵاتەوە
بە دوو ڕێز فیشەکدانەوە
بە فیز هات بە لامانەوە
وتی دوێنێ چوومە هەولێر
سەفەرێکی بە خێر و بێر
پارە و چەکیان زۆر داوە پێم
منیش لەشتی وا ئەگەڕێم
وا عەسکەر دێنە ئاوایی
براتانن خۆم ئاسایی
موسوڵمانن، کوڕی چاکن
عارەب دەس و داوێن پاکن
مەلای دێش هاتە بەرەوە
مێزەری زل بە سەرەوە
فەرمووی مەترسن خۆم زامن
عەسکەری عارەب ئیسلامن
فەرقیان نییە دەگەڵ خۆمان
وەک برا باش ئەبن بۆمان
زانیمان ئاغامان جاشە
بە ناچاری گوتمان باشە
***
چل عەسکەرێ هاتە ناومان
خوایە چی هاتە بەرچاومان!
قەت پیسی وامان نەدیون
پێت وابوو مشکە تۆپیون
ئێسک قورس و ڕەزا گران
ئەتوت لەگەڵ شەیتان بران
هەر بەع بەعیانە وەک کاوڕ
بە چەڵتەچەڵت و زمان شڕ
بە ئاگری چەرخیان ئەوت: ناڕ
ئاغایان ناو نابوو: حوماڕ
برسی و دز ئەچوونە ماڵان
تەبەکیان ئەبرد بە تاڵان
ڕاوکەی بەر مریشکیان ئەبرد
هەر باسی ناکرێ چیان ئەکرد
نە نوێژ نە دین نە ئیمان بوو
مەلاش لێیان پەشیمان بوو
ئەیگوت ئەمانە کافرن
کافر لەمانە چاترن
***
ڕۆژێ ئاغا چووبووە هەولێرشوێن
بە ملی شکاوی و چاوی کوێر
ئەرزاق و دینار بستێنێ
هێندەی تریش عەسکەر بێنێ
بەیان بوو، لەلای مەلا بووین
لە بیری چارەیەکدا بووین
چەند کەسێک ئاغا بدوێنن
ئەمانە لامان نەمێنن
لە پڕێکا لە ماڵی موختار
بوو بە قیژە و زیڕە و هاوار
کەبانووی موختار خۆیەتی
بەگریان داد و ڕۆیەتی
بانگمان ئەکا ئەگەر پیاون
کوا نامووستان بۆ وەستاون!
وا عەسکەر زۆرم لێ ئەکەن
نەمگەنێ نامووسم ئەبەن
ئیتر تەم هاتە سەر چاوان
دەنگ نەکردن ببووە تاوان
لەسەر نامووس خوێن هاتە کوڵ
دەمی کێرد گەیشتە سەر دڵ
وێکرا دەسمان دا خەنجەران
بەربووینە گیانی عەسکەران
مەلاش بە خۆی و تێڵایە
ئەیوت بیانکوژن خەزایە
کێ جوندیەکی سەکەت ئەکرد
تفەنگەکەی بۆ خۆی ئەبرد
هەتا لە چنگمان خەلستن
چاردە کەلاکمان لێ خستن
ئەوەی مان، لاقیان ببوە چوار
پێخواس قاچاندیان بەرەو شار
قیڕەقیڕی یابە لەو ناوە
هەر ئەتگوت بەرازە ڕاوە
دوایی عەسکەرمان بڕیەوە
نامووسی خۆمان کڕیەوە
نامانەچاڵ هەرچیەکمان کوشت
ئەمجا کەوتینە خۆمان گشت
لە نوێن و هێندێک ورد و پرد
هەر کەس سووکە باری بارکرد
مناڵ و ژنمان دایە بەر
بەرەو شۆڕش بووینە کۆچەر
بەرهەمی شەڕ و هەرامان
خەتای کەوتە سەر ئاغامان
گیرا و لە جاشەتی کەوت
شەش حەو مانگ لە حەپسا خەوت
وێڵ کرا نە جۆ، نە کایە
ئێستا جاشی بەرهەڵدایە
دوژمن هاتە سەر گوندی چۆڵ
ڕێکی کرد دەگەڵ خاک و خۆڵ
بردیان هەرچی بە کاریان بێ
با بیخۆن ژەهری ماریان بێ
ماڵی دنیا چڵکی دەستە
شەرەف و نامووس مەبەستە
***
هاتووم تا ماوم بێ وەستان
ئەبمە پێشمەرگەی کوردستان
قەدری شۆڕش وا لای منە
شەڕی نامووس پارازتنە
مەڵێن پیربووی گەنج بوومەوە
لەسەردا تێ هەڵچوومەوە
سا شەرتە بە شەرتی پیاوان
ناوم بخەمە ناو ناوان
کارێک بەسەر دوژمن بێنم
چەرمیان لە دار بهاڵێنم
لە مێژە بە عەسکەر فێرم
نابێ یەکیان لێ ببوێرم
بەزەم بە دوژمنا نایە
نایکەم بە ئاگری بن کایە
هەتا دوژمن بەرباد نەبێ
تا کوردستان ئازاد نەبێ
تفەنگ لەشان ناکەمەوە
ئاوڕ لەخۆم نادەمەوە