دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  893 بینین
موشیر عارف شەکری شکاند و قەولی دا کە لە بەهاردا کوردەکان خەلاس دەکا، گاڵتەم پێ کردووە، لە دەنگی پێشمەرگە ژمارە «١١»دا چاپ کراوە:
پ: باپیر ئەتبینم کەیفت زۆر سازە
ب: پیرۆت دنیاکە ڕاوە بەرازە
شتی وا ئەبیەم کەس نەیبیستووە
وا دیسان موشیر شەکری فەرمووە
پ: ئەڵێ چی! ئادەی ب: ئەڵێ تا بەهار
کورد ئەتوێنمەوە وەکوو بەفری پار
پ: با بەس بوەڕێ ئەوە چوار ساڵە
هەر دایئەبەستێ و نوێژی بەتاڵە
خۆزگە ئەو دایکەی کەری هێنابا
لەدەس منا با و بارم لێ نابا
بۆچ لە ناو فەسڵان لە بەهار گیرە!
ب: بەهار بەهەشتی نێرە موشیرە
چەندێک تەشریفی بەرەو میسر کرد
جوزیان پێوە کرد لە خشتەیان برد
لای وایە ئەوجار پێمان ئەوێرێ
لە کۆشی خەڵکا گوێزان دەژمێرێ
پ: خۆ ئێژن کاکەی زۆر حاڵی شڕە
لەشکری قڕە و لە مشت و مڕە
ب: با تێر باوبژ لە خۆیان دەرکەن
مەگەر تا پایز هەرخۆڵ وەسەرکەن
پێشمەرگە خۆش بێ هەزار هێندی دیش
بۆمان بێن، سمێڵ ئەنێنە سەر ڕیش
ئەو بابەیان مرد بە جاش و بە فێڵ
کوردستان پیس کەن توتکە سەگ و دێڵ
پ: ئای هاتە بیرم، جاشوولە چۆنن!
ب: کەتوونە لوشمە و لە شوێن کای کۆنن
سەگ کلکیان لێ دا سلار ئەبنەوە
ناگەنە بەهار مردار ئەبنەوە
پ: باپیر من ئەڵێم با بێنە لای من
کای عارەب نەخۆن بێنە سەر کای من
ب: ئەگەر تێگەیبان جاشک نەدەبوون
بەرەو تۆپینی خۆیان نەدەچوون