دەمەتەقەی بایز و پیرۆت
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
1101 بینین
سەردەمێک لە عێراقا هەمیشە لە ناو شاگرد مەدرەسەی کوردی سوور و زەرد شەڕ و تێکهەڵدان بوو، ئیتر ئیستیعمار و دوژمنانی نیشتمان لە بیر چووبوونەوە. منیش ئەمەم نووسیوە لە کۆواری «هیوا»دا چاپ کراوە:
پ: مام بایز ڕۆژباش ب: عليك السلامعەرەبی
پ: ئەمە یانی چی؟ ب: جیرانی مەلام
پ: نەمدی دوێن و پێر! ب: بەخوا چوومە شار
پ: چت فرۆشت بە خێر؟ ب: یەک دوو بارە دار
پ: نرخەکەی چۆن بوو؟ ب: بۆتە چوار قیمەت
پ: وەک شەکرت کرۆشت بوویتە بلیمەت؟
ئەگینا چی بێ نرخی داری تەڕ؟
ب: چۆن نرخی نییە؟ هەتیو شەڕە و شەڕ
پ: شەڕی کێ؟ ب: شەڕی مناڵی مەکتەو
پ: گوایە مناڵی جوولەکە و عەرەو؟
ب: سەڵا لە عەقڵت، خەیاڵت وردن!
ئەوی لێک دەدەن هەموو هەر کوردن!
پ: بایز وامەڵێ! ب: دەشڵێم و واتر
پ: توخوا وەرە پێش تێت بگەم چاتر
ب: چ بێژم! بە خوا بوونە دوو دەستە
هەر داوێنە یەک بە جوێن و پەستە
یەک دەڵێ سوورم، یەک ئەڵێ بۆرم
یەک ئەڵێ شینم، یەک دەڵێ زۆرم
یەکێ دەڵێ قیڕ، یەکێ دەڵێ ماست
یەکێ ئەڵێ لار، یەکێ دەڵێ ڕاست
تاچەنە شل بوون چەقە و جنێوە
ئەم جار شەڕە شەق ئەچێ بە ڕێوە
هەر دار بەشانە و هەر سەر شکانە
هەر خوێن ڕژانە و ئابڕوو تکانە
پیرۆت بەو خوایە لە بان سەرمانە
جوێن وەبارانە، شەق وەخەرمانە
پ: بایز چیمان دی و چیم چاو پێ کەوت
هەرچی ئەیبینی گشت لارە و چەوت
وتمان ئەم زوڵمە لە سەرمان لاچێ
کورد ئیتر ناچێ یەکتر داپاچێ
گشت ئەبن بە یەک خێڵی جاف و لەک
ڕزگارمان ئەبێ وە بنووس و چەک
نایەڵن ئاغا وەل یەک بجەنگن
ئەیان کەن وەداس هەرچی تفەنگن
کەچی وائێژی میرزا و مەتکەوی
واتێک هەڵ ئەدەن ئەو لەم، ئەم لەوی
ئێژن هەر شتێ بۆگەنیو ئەوێ
خوێی پێوە بکەی فریای ئەکەوێ
بەڵام ئەگەر خوێ بۆ گەنیو ببێ
ئیتر ئەم دەبێ دەرمانی چبێ!
خەلیفەی خۆمان فەرمووی کورد کورتە
ڕۆژمان بەسەربرد بەو ورتە ورتە
منیش وا ئەچم بارێک دار ئەبڕم
چش سەر دەشکێنێ، خۆ کەڵاش دەکڕم