پیاوی چی؟

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  745 بینین
عەبدولکەریم بیروڕای بەرانبەر بە کورد خەراپ بوو، دنەی هێندێک نووسەری عەرەبی ئەدا کە باسی توانەوەی کورد بکەن. بەو شیعرانە، کە لە ڕۆژنامەی دەنگی کورد چاپ کراون، بیری ئەوم ڕوون کردۆتەوە:
کوردە تۆ عەبدی لەلای من بەشی نەخوراوی چی!
هەرزنی تاڵە بخۆ ساوەر و شۆرباوی چی!
ڕەنجبەری بێبەش و مووچەی بەژی چی و ئاوی چی!
ڕووت لەسەرمایە بلەرزە جل و پێڵاوی چی!
لەسەرت دەرکە خەیاڵات گەزی چی و جاوی چی!
خوێندنت بۆ چییە! زانین چییە! هەر مەیزانە
مەدرەسە بۆ کوڕی من، جێی کوڕی تۆ زیندانە
خووی هەزار ساڵەتە بارکێشی لەلای بێگانە
ناوی ئازادی لەبیر خۆت بەرەوە ئازانە
کێ بەتۆی گوت ببە شت! خوێندنی چی و ناوی چی!
نەمدەناسیی بەرێ، پێم وابوو بەهێزی و پڕ سام
بەینی خۆمان بێ کە تۆم هاتەوە بیر لێت ترسام
هەر لە ترسا بوو هەرام کرد و گوتم کوردی برام
هونەر و کردەوەکەت ئێستە کە ڕوون بۆوە لەلام
پەتی ئەم ترسە پساوە! بەنی نەپساوی چی!
سەد هەزار قاقەزی خۆت هات و وتت کورد نابم
نۆکەری پیشەیی پێشوومە، منیش وەک بابم
لە زەمانی بەرێ چۆن بوومە، دەبێ هەر وابم
شەرتە هەر کەس وتی کوردم لە ڕێگەی وەستابم
پیاوەتیی تۆ ئەمەبوو ئێستە بڵێ پیاوی چی؟