لکە زەیتوون

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  706 بینین
خرۆشۆف سەرەکی ڕووسیاشوێن چوو بۆ ئەمریکاشوێن و لە جێگەیەک بەناوی «کەمپ دێڤید» چاوی بەسەرەک کۆماری ئەمریکا کەوت. زۆر کەس هومێدی زۆری بە ئاشتییەکی هەموانی پەیدا کردبوو، بەو هۆیەوە منیش ئەمەم نووسیووە:
لە هەزاران و هەزاران ساڵا
ڕەنجبەر مابوو لە ژینی تاڵا
خستبوویانینە کۆت و زنجیر
کاهن و خان و قەڕاڵ و بەگ و پیر
یەک کوڕی خوا بوو، یەکێ فەرخەی مانگ
یەک بەهەشتی لە دەسا بوو شەشدانگ
بە درۆ خێوی جنۆکە و ئەستێر
دەمی وان ببووە تەرازووی شەڕ و خێر
پاری وان گۆشت و بەشی مەش کوشتن
ئەو مڕی مەی، لەمە خوێناو ڕشتن
لەمە چەوسان و لەوان خۆبواردن
بۆ مە برسیایەتی، بۆ وان خواردن
لە کەم و زۆری جیهان بێ بەش بووین
بە تەنێ خاوەنی چارەی ڕەش بووین
***
تا لە پڕ نەمری بلیمەت لینینکەس
دەستی دا شۆڕشی گەورەی خوێنین
مێژوو وەرچەرخێ بەلای کارگەدا
دەم لە پووش بوون تەوەزەل، دەم بە هەرا
وەرگەڕا باوی کڕووسینی هەژار
کەوتە بەر لینگی نەدار تانجی تەزار
دەستی دا کۆشش و کار ئەم چینە
کاری بە کوێ گەییوە بی بینە!
کەم لە نێو چەرخە ئەمە ڕووی داوە
سەری دنیا لەسەری سوڕ ماوە
خاکی خۆی کردە بەهەشتی ڕەنگین
ون بووە ناوی پەشێو و خەمگین
پەیتی ئەو باجی لە ڕۆژێ ئەستاند
مشتی ئاسنینی سەری مانگی شکاند
بەینی ئەستێرە دەپێون بست بست
هەرچی بەرزایییە دەکرێن پێ خوست
مانگ چییە! ئێستگەیە و جێی دێڵن
مارسی خوای شەڕ زەوییە و دەیکێڵن
***
ئەمەیە هێزی کمۆنیزمی مەزن
کۆلەدار لێی وەڕەزن، پێی دەتەزن
هێز ئەوەندە زۆر و بە هێز نانازن
بەسە شانازی کە ئاشتیخوازن
نایەڵن جەنگ لە جیهان بەرپا بێ
چەک فرۆش چی لە دڵا بێ نابێ
لکە زەیتوونی کرێکاری ڕەشید
فێنکیی خستۆتە هەوای کەمپ دێڤید
***
موژدە بێ بۆ گەلی هێشتا بێ بەش
تیشکی لینین دەڕەوێنێ شەوی ڕەش
ڕۆژی مەش دەردێ لە ناو هەور و تەما
باوی فاشیستیی و گەل خۆری نەما
کورد دەگەڵ فارس و تورک و عەرەبا
سەربەخۆ دەبن و برا و پشت و تەبا
یادی ئۆکتۆبەر و بە زۆردار وەستان
جێژنە دەگرین لە چیای کوردستان