پەیکێک

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  917 بینین
ئەم نامەیەم لە مۆسکۆ ڕا بۆ سەید کەریمی ئەیوبی مهابادی و، مامۆستا قەناتی کوردویێڤ و وئیرا ناو، کە کچێکی ڕووسی ڕۆژهەڵاتناسە، ناردووە:
لە ئاواتی هەژارێک
با دروس کەین باڵدارێک
باڵندێکی ڕەنگین تووک
دەنووک چووک و ئێسک سووک
لە بیری ورد، لە خەیاڵ
لێی بنێین جووتێ شاباڵ
بێ ترسی چەتە و گۆران
گوێ نەداتە باو بۆران
بفڕێ بۆ دنیای ئازاد
بۆ شاری لینینگراد
لینینگرادی ئازا
شەپۆڵ دەدا لە نازا
ئەو شارە پاڵەوانە
بەناوبانگی جیهانە
لە جەنگا ببووە لەمپەر
شکاندی سەری هیتلەر
ڕۆڵەی ئازا و سەربازی
شێواندی نازی نازی
پیرۆزتر جێی زەمینە
جێ خەباتی لینینە
***
جا ئەی مەلی بیری ورد
پەیتی هەژارێکی کورد
باش بگەڕێ بە شارا
بڕوان بە چوار کەنارا
بفڕە بەو دیو بەم دیوا
دەندووک تەڕکە لە «نیوا»
قەسری قەیسەر ببینە
خۆت مڕ بکە لە چینە
ئێستا جێی هەژارانە
نەخانی زۆردارانە
نە جێگەی خوێنمژانە
جێگەی خوێنمژ کوژانە
گەر لە جێ خەو دەپرسی
مەهێنە دڵ مەترسی
سێ ئاواڵم لەوێ هەن
بابۆت باس بکەم کێهەن
یەکێ بۆری ڕەش تاڵە
ناقۆڵا و بێ فەساڵە
سەیدێکی گوناهبارە
بە پیادەیی سوارە
سەری پڕە لە پەڵە
بە گێچەڵە کەچەڵە
خوێن شیرن و ڕووه سووکە
زلە و بە باڵا چووکە
ئەیوبیە و کەریمە
بن چینەی دڵخۆشیمە
دووهەمیان مامۆستایە
چقاس بێژێ هێژایە
زانایاکە هۆزانە
جێ هێڤییا کوردانە
ولۆ بیر نەبەی پیرە
دڵێ ڤی خۆرتە، ژیرە
لجەم مە پڕ مەزنە
ڕۆهنیا چاڤێن منە
ئەو کوردێفە قەناتە
پەلهەوانێ خەباتە
ئەویتر کیژە ڕووسە
خاوەن بیر و بنووسە
زۆر جوان و شۆخ و شەنگە
دڵ ڕفێنە چەلەنگە
ئیرای لینینگرادی
وێڕای هێزی ئازادی
بۆ کوردستان دەکۆشێ
بۆ کورد دڵی دەجۆشێ
بۆ وچانی شەوانە
جێ خەوت لای ئەوانە
***
بێژە بەهەر سێ یاران
با کۆڵ نەدەن چ جاران
خەڵکی سۆڤێت بدوێنن
با کۆمەڵێک پێک بێنن
بۆ یاریدەدانی کورد
گشتی لە ناو بەندا مرد
کۆمەڵە هەن لە هەر دەر
بۆ بەزەییی جانەوەر
ئەگەر ئێمە بەشەرین
یان تیرەی جانەوەرین
بۆ کەس نامان پارێزێ!
بۆچی نایەینە ڕێزێ!
ئەو کوردی ئازا و بەکار
ژێر چەپۆکەی شا و بەیار
دڵخۆشێکیان دەنەوە
دەروێکیان لێ پکەنەوە
تۆزێک چەکمان بدەنێ
کەسمان ناوێ، بە تەنێ
نەیاران دەتۆقێنین
بەیاران دەتۆپێنین
هارتەر و ئایزەنهاوەر
ناتوانن ببنە لەمپەر
بنکەی شەڕیان شڕ دەکەین
ماری گەڕیان سڕ دەکەین
کێ هوروژمو بۆ بێنێ
دەیڕەنگێنین بە خوێنێ
پەیمانی جەنگی گڵاو
بە کوردان دەکرێ بڵاو
***
مەلی بیری هەژاران
کاتی دیدەنی یاران
لە شەقام و لە کۆڵان
دڵ نەدەی بە کچۆڵان
کارت هاتە کۆتایی
بخوازە ماڵئاوایی
هەڵبفڕەوە بێ درەنگ
بۆ لای هەژاری دڵتەنگ
لە دڵمایە هێلانەت
وەرەوە هەژار خانەت
تا پێکەوە بخوێنین
هەر ئێمە پێک دەمێنێن