ڕۆژێکم هەیە
تابلۆی یەکەم
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
8 خولەک
1508 بینین
دەمێک بوو پێوەبووم دەربارەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هەواڵانیەوە شینێک بگێڕم. بەڵام هەلێکی وام بۆ نەدەرەخسا. لە سناتۆری گیرتسن لە مۆسکۆ. هەلم بە دەرفەت زانی و ئەم شەپۆڕنامەم لەژێر ناوی «ڕۆژێکم هەیە»دا بە دووتابلۆ نووسیوە:
شەوی ڕەش
لە ناو دڵی ڕەشی شەوا
مەردم لە غوررابی خەوا
دنیایەکی مات و کشە
نە هەستە نە چرپە و خشە
هێندێک هەوری ڕەش و بڵاو
چەند ئەستێرەی زەردهەڵگەڕاو
بووبووی کوندێک لە کەلاوێک
زیزەی سیسریکە تاوتاوێک
سێ چوار دارتاش لە بێکاران
چاو پڕ لە خەو لە بێگاران
دەبیسرێ لەوان جارجارێک
خرتەی تەشوێیەک، مشارێک
چەند سەربازێک ڕاوەستاون
بەزۆر بەسەرباز گیراون
زۆر لەوانە زۆر لەڕێی دوور
قامچی پێچی کردوون مەعموور
دایکێکی پیر، وردە منداڵ
ماون لە ماڵ پەرێشان حاڵ
کاتی دروێنە و دەسکەنە
زەوی و زاریان بێ خاوەنە
نازانن بۆ ڕیزکراون
لە دیار چ کارێک وێستاون!
ڕێ و شوێنی جەنگەڵ
لە مەیدانەکەی «چوارچرا»
داری سێدارە هەڵخرا
دووی ئینگلیز و ئامریکایی
دێن، دەچن لە تاریکایی
چەند عەجەم لە شوێن ئەو جووتەن
وەک توڵەن، بە کلکەسووتەن
بۆ ئێسکێ بۆ پاروێک بەرماو
چیان پێ بڵێن دەس لە بان چاو
دێتە پێش یەکێ ترسەنۆک
دەنگ نزم، بە دەستی لەرزۆک
چاوێک لە میستر، بە چاوێک
دەخوێنێتەوە نووسراوێک
لە ئینگلیسی تەرجەمەیە
کوردی و کورتیەکەی ئەمەیە
«ئێمەی سپی پێستی پیاوخۆر
ئێمەی خوێنمژی خاوەن زۆر
بە ڕێوشوێنی ورچ و مەیموون
ئەوی لە جەنگەڵ ژیان و چوون
بڕیارمان لەسەر ئەمەیە
ئەم سەرزەوییە موڵکی مەیە
کێ زەرد و ڕەش و ئەسمەر بن
دەبێ بۆ ئێمە نۆکەر بن
بێ هێز مافی ژینی نییە
ماف داواکەر دینی نییە
کێ ئازادی لە دڵدا بێ
گەرەک لاشی لە گڵدا بێ
کەسێ نیشتمان پەروەر بێ
یان بمرێ یان دەربەدەر بێ
لەم سەرزەمینە ئاو و بەژ
کانگە و گژ و گیا و دەشت و کەژ
کوێ زۆر بەبەهرە و بە پیتە
بەش و بەهرەی واڵستریتە
جۆنبۆڵیش لە هەشتێ مشتێ
لە کەرستەی کۆشکێ خشتێ
چۆن کورد و ئازربایجانی
خۆیان بە خاوەن ماڵ زانی
پەندی ئامریکایان نەبیست
ئازادی و سەربەستییان دەویست
دەبێ بچنە پای سێدارە
مەرگیان بۆ ئێمە ناچارە»
پاڵەوان ناترسن
دەرگای شێران کرایەوە
دار و بەرد دەنگی دایەوە
گوێ لە زڕەی زنجیر بگرن
پاڵەوان ناترسن بمرن
بۆ مەرگ دێن بە ئازایی
دەڵێی دەڕۆنە سەرشایی
مەردانە هەنگاو هەڵدێنن
بەدکار بە توندی دەدوێنن
ڕووگرژن بەرانبەر دوژمن
دەم بە بزەن بەرەو مردن
وا پێشەوای کوردان، قازی
پێشەوایە بۆ گیانبازی
گوڕەی ماتیی شەو دەشکێنێ
دڵی زۆردار دەلەرزێنێ
ژینی نەمر
بەختەوەرم هەڵکەوت هەل
خۆم دەکەم بە قوربانی گەل
دەڕۆم بەرەو ژینی نەمر
لە ژینتان دەبم بە ئاگر
تا کوردێک ماوە لەشوێنێ
دەکۆشێ تۆڵەم بستێنێ
من زیندووم و دوژمن مردوون
ئێوە من ئیعدامم کردوون
کەی لە پاش من بێ خەم دەبن
هەر کوردێک یەکێکە وەک من
مردن لەڕێگەی نیشتمان
سەر بەرزییە بۆ گشتمان
بیر ناکوژرێ
لەدوای ئەو برا و برازا
دەچنە پێش سەربەرز و ئازا
سەیفە بانگ دەکا: کوڕینە
بەرخی نێر بۆ سەربڕینە
مەرگێک لەڕێی نیشتمان بێ
سەد ژیانی بەقوربان بێ
ئاواش نەبا هەر دەمردم
کەسیش یادی نەدەکردم
بەومەرگە زیندوو دەبمەوە
تازە کەی لەبیر دەچمەوە!
لاشمان کە سەر دەنێتەوە
بیرمان هەر دەتەنێتەوە
هەموو تنۆکە خوێنێکمان
ڕزگاربوونە بۆ شوێنێکمان
جۆشی خوێنی مە ناسرەوێ
تا سەربەستی دەست دەکەوێ
دەسمایەی دواڕۆژ
لەو مانگی سەرە بەهارە
چەند لاو چوونە پای سێدارە
نێژران بۆ دواڕۆژ داخ لە دڵ
تۆوی دواڕۆژ کەوتە بن گڵ
گۆڕی لەوان بەجێ ماون
هێزی دڵن، سۆمای چاون
بەڵگەی مافی کوردەوارین
مۆری قەباڵەی ڕزگارین
کێلیان بۆمە داری ئاڵان
گەنجێکن ناچن بە تاڵان
بۆ کوردی هەژار سەرمایەن
بۆ دیواری خەبات پایەن
***
تابلۆی دووهەم: گوڵی وەریو
پایزە، وڵات ڕەنگ زەردە
شنەبا هەناسە سەردە
پەلکی گوڵی ئاڵ وەریوە
لە پاش گوڵ بولبول هەتیوە
دەگری بۆ ڕۆژانی پێشووی
بۆ بەختەوەریی لە دەس چووی
بۆ خونچە و گوڵی گوڵستان
بۆ مێرگ و باخی کوردستان
ناڵەی گەڵا بە دەم باوە
وەک ژنە بیوباو کوژراوە
لەم کوردستانە ڕەنگینە
کە لە سوێی لاوان خەمگینە
بەرچاو دەکەوێ بەرچاوێک
لەبەر پاڵێکە کانیاوێک
ڕوون، وەک چاوی پیاوی خەبات
خوڕەی خەندەی دڵ پڕ ئاوات
کەف سپی، ساردە وەک تەرزە
پشتی کێوێکی سەربەرزە
پێشی دیمەنی دەشتێکە
دەشتی کوردە و بەهەشتێکە
بۆ پشوو، سانەوە تاوێک
لێی دانیشتوون پیر و لاوێک
لاو خوێن گەرمە
لاو شوانە بە شان و باهۆ
زۆر خوێن گەرم و شایی بەخۆ
فەرەنجی لەبەر، پێ خواسە
دەرپێ پڕ پینە، بێ کراسە
چەکی خەنجەرە و گۆچانە
بلوێری لەسەر لێوانە
هەوای بلوێر بە خەمباری
شیوەنیە بۆ کوردەواری
پیر دڵ نەرمە
پیر وەرزێرێکی هەژارە
کەوای جاوە کڵاش خوارە
پێچی لە چڵکا خنکاوە
تەپە کڵاوەکەی دڕاوە
ڕانک و چۆغەکەی شڕۆڵە
پشتێندەکەی دوو تیتۆڵە
ڕەنگ زەردە لەبەر بێ نانی
پڕ دەردە لە بێ خودانی
چاو پڕووش، هەناسە سوارە
دیارە زۆر دڵ بریندارە
فرمێسکی دەوەرن لە چاو
تێ هەڵ دەکاتە بەند و باو
ڕەنجەڕۆیی
لێ لێ، لێ لێ، لۆلۆ، لۆلۆ
دەک لاڵ بم کوردستان بۆ تۆ
ساڵ درەنگە و خەزەڵوەرە
گەیشتنی میوە و بەرە
خەرمانی گەنم کۆکۆیە
ڕەنجبەرەکەی ڕەنجەڕۆیە
باسکی کوردە چاندی و چنی
بەتاڵان دەیبا دوژمنی!
ترێی ڕەزی من گوشراوە
خوێنم لە کووپان کراوە
من دەکۆشم، ئەو دەنۆشن
من پەرۆشم، ئەو سەرخۆشن
ئارەقەم بۆ تووتن دەڕژێ
زۆردار بەفیز هەڵی دەمژێ
خوری و لۆکەم چوون بە فیڕۆ
دەسووتێم لێم نایە بۆسۆ
نەوتم دنیای کۆ کردەوە
جێی خۆم هەر تاریکە شەوە
زۆری لێکراو بم هەتا کەی!
چاو لەو ڕۆژەم بڵێم ئۆخەی
بلوێر بۆی دەلۆرێتەوە
پیرە بۆی دەگێڕێتەوە:
ناهومێد نیم
لۆلۆ، لۆلۆ، لێ لێ، لێ لێ
من دەیڵێم بەدکار گوێی لێ بێ
ئەگەر سەد هێندەش هەژار بین
بێ پەنا و پشت و داژداربین
بێ هومێد بۆی دانامێنین
هەردەبێ هەقمان بستێنین
بیستوومە لە کۆنە پیاوان
پەندی پیران لەسەر چاوان
گەنمت کە دانیدا دیاری
تا نەیخۆن چوڕە و پاساری
داوەڵێکیان بۆ بچەقێنە
بیان ترسێنە، بیان تارێنە
کوللەت کەوتە ناو شینایی
بۆی بێنە ئاوی خەزایی
لەناو زەوی بی پرژێنێ
قڕ دەکا و دوایی پێ دێنێ
داگیرکەرانی وڵاتم
کوللە و چوڕەن بۆ داهاتم
دەمیان نایە کوردستانم
بێگانەن بەربوونە گیانم
بلوێر وەرام دەداتەوە
پیرە تێ هەڵ دەکاتەوە
داوەڵ کێلە
لۆلۆ، لێ لێ، لۆلۆ، لێ لێ
با داگیرکەر دەرکەوێ لێ
بۆ پیاوخۆر و گەنم و جۆ خۆر
بۆ خوێنمژانی خاوەن زۆر
داوەڵ کێلی پیر و لاون
لە ڕێی ئازادی کوژراون
کێلی سەرگۆڕی شەهیدان
گیانبەخشان، ئازا و ڕەشیدان
داگیرکەران دەتارێنێ
شوێنەواریان لەبنە دێنێ
خوێن ڕژاوە
کوللەی ئەوبەری دەریایە
لەناو نیشتمانمدایە
ئاوە خەزاییەکەی خوێنە
پەڵەی خوێن لە هەموو شوێنە
لە دەرسیمشوێن، مازێ، ئاگری داغ
بارزان، سولەیمانی، سابڵاغشوێن
لە سەقزشوێن، بۆکانشوێن، لەهەرکوێ
نەک لە کوردستان، لە هەرجێ
لە دەوری مەراغەشوێن و تەورێزشوێن
گڵ زۆری گرتوونە هامێز
پێدا بچۆ هەتا تاران
بست بست کێلن لەسەر یاران
شوان دە بلوێر دەتووڕێنێ
پیرە دیسان دەنگ هەڵدێنێ
هاودەردە زۆرن
لێ لێ، لۆلۆ، لێ لێ، لۆلۆ
نەک هەر لێرە، زۆر دوور بڕۆ
لە ئەفریقاشوێن، لە ئاسیاشوێن
هەرگۆڕن لە گۆڕ و چیا
لە عێراقشوێن، لە تونسی شین
لە هیندشوێن، لە چینشوێن، لە هیندوچین
لە مەلایا، لە کۆریا
لە جەزاییر، لە کینیا
لە ئەندۆنیزی، لە یەمەن
لە میسر و عومان و عەدەن
بە هەزاران، سەد هەزاران
لە چۆڵگان لە لادێ و شاران
کوشتەی دەستی ئیستیعمارن
گشت کەس وەک ئێمە داغدارن
جێ نەماوە لە گشت لاوە
خوێن ڕژاوە، کێل چەقاوە
پاش ماوەی ئەو کوژراوانە
ئەو هەموو پیر و لاوانە
گشتی تووڕە و تۆڵ ئەستێنە
چاویان داگیرکەر ترسێنە
بۆ کوێ هەڵدێن خۆڵیان وەسەر
وا داری هومێد هاتە بەر
ئەودڵ بریندارانە گشت
لەیەکتر دەبنە پەنا و پشت
من داس، تۆ گۆچان و خەنجەر
مام خاڵە و کوتکی ئاسنگەر
ئێمەش ڕەگەڵیان دەکەوین
خوێنەخوێی خاوەن نەتەوین
خوێنمان نەڕژا بەخۆڕایی
ئێمەی کردۆتە خەزایی
خەزایە داگیرکەر کوشتن
قڕیان دەکەین بە خوێن ڕشتن
تۆڵەی شەهیدان دەستێنین
کوردستانمان دەڕەنگێنین
پڕی دەکەین لە بەر و بۆ
وەک یەک بێ، بەشی من و تۆ
ئاسنگەر و شوان و جووتیار
خۆش دەژین لە دنیای ڕزگار
هەی لۆلۆیە هەی لێ لێیە
لە کوردستان خۆشتر کوێیە!