بەشی یەکەم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1004 بینین

لەپاش تێکچوونی کۆماری کوردستان، منیش دەربەدەر بووم بە شارانەوە. تاسابووم و وەکوو کەو لە فڕە چووبووم. نان پەیداکردن بۆ من زۆر دژوار بوو، ئەبوایە شەو و ڕۆژ بچەوسێمەوە لە ڕێی بژیوێکی نەمر و نەژیدا سەرباری دەربەدەری و هەژاریشم دووچاری لەش بەبارییەکی زۆر گران و حەستەم بووم. جا لەبەر هەڵوەدایی بەشوێن نان و لان و دەرمانا، زۆر کەم پەرژاومەتە سەر نووسین و بیرکردنەوە. ئەوانەش کە نووسیومن یان لە نەخۆشخانە، یان کاتی وابووە کە دەستم لە هیچ ئیش و کارێک بەند نەبووە. ناوئاخنی ئەم دیوانە بەشێکی زۆر لەو شیعرانەن کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ و ١٩٦٦ دا نووسیومە. بەهومێدم لە هەلێکی تریشا ئەوانەی ماون و چاپ نەکراون، ئەگەر تەمەن مەودا بدا، ئەوەی لەمەولاوە بتوانم بینووسم چاپ بکرێ و لە ناونەچێ.