هەر کوردم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  4299 بینین
ئەم شیعرانەم لە پشتی وێنەیەکی یادگاری نوسیووە.
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاکی عەرەب، لە ئێران و ڕۆم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم
کۆشکم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان
یان زنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری
یان لە کۆڵانان بکەم هەژاری
کوردم و لەڕێی کورد و کوردستان
سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان
بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم
بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە