پێشەکییەک بۆ چاپی یەکەم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  1207 بینین

خوێندەواری زیرەک، لام وایە بیستووتە کە لە «قەیسی عامیریکەس»یان پرسیوە: تۆ پێت وایە گەورەییی موسوڵمانان ئەبێ بۆ ئیمام عەلیکەس بێ یان بدرێ بە معاویەکەس؟ گوتی ئەگەر ڕاستتان دەوێ بەشی لەیلاکەسی منە و کەسی تر مافی بەسەریەوە نییە! واتا ئەوینداری ڕاست جگە لە دلبەر و گراوی خۆی کەسی لەبیر نامێنێ و هەزار گۆرانی و ئاهەنگی جۆر بە جۆری وەپێش کەون ئەو هەر بە یارەکەی خۆی هەڵدەڵێ.

من دڵداری کوردستانم و لەوەتا بیر ئەکەمەوە بە تین و تاوی ئەو ئەوینەوە ئەسووتێم. باوکم مەلا بوو، فێری کردبووم، ئەگەر نیازێکم هەبێ لەخوا بپاڕێمەوە بۆم پێک دێنێ. زۆر جاران زۆر بە هەژاری دەستم بەرەو عاسمان بەرز ئەکردەوە و ئەمگوت «خوایە پاتشایەکی چکۆلووکانەی جوانکیلەی کوردم بدەیە. زۆرم خۆش دەوێ!» ئەبێ چەند مناڵ بووبم کە پێم وابووە پاتشای کوردیش وەک لەیستۆک مناڵ ژیر ئەکاتەوە!

ئەم خۆشەویستییەت لە دڵی پڕ پەژارەما
تێکەڵ بەشیر مژیم و لەدووی گیان ئەچێتە دەر

ئەم دڵدارییەم کە وا بە کاڵ و کرچی هاتە ڕوو. پێ بەپێ هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵما گەورە بووە و تا پتر چاوم کراوەتەوە و دڵم بەهێزتر لێی داوە. بەو پێیەش ئەوینی نیشتمان و ئاواتی ئازادیم پتەوتر بە تەوژم و پان و پۆڕ و بەهێز و گوڕتر بووە. ئێستاش کەوا پیر بووم زۆرتر بەو گڕی ئەوینەوە ئەسووتێم و کە ئەڵێن «پیرەدار باشتر گڕ ئەگرێ»، لەمن ڕووی داوە.

هەموو ئاواتم لە دنیادا ئەمەیە «گەلی کوردیش وەک هەموو گەلانی خوداپێداوی سەرزەوی لە ژێر چنگی داگیرکەران و چەوسێنەران ڕزگارببێ و کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ پێک بێت، ئاڵای کوردستانی ئازاد و بەهێز لەسەر هەموو مەڵبەندەکانی کوردستان بلەرێتەوە، تا بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستی بێگانەدا مابێ و تا کوردێکی هەژار بەرهەمی ڕەنجی شان و نرخی خوەدانی ناوچەوانی بچتە ناو گیرفانی داگیرکەرانی بێگانە و چەوسێنەر و دەستبڕانی ناوخۆ، من بە ئاوات نەگەیشتووم!»

زۆر کەس زۆر جار گاڵتەم پێ ئەکەن و ئەڵێن «ئەوەی تۆ لە دووی وێڵی زۆر دوورەدەست و حەستەمە و هەرگیز دەست نادا! «بەڵێ ڕەنگە زۆر چەتوون و گران بێت و لەوانەیە بمرم و نەیبینم، بەڵام نابێ دڵداری ڕاست لەڕێگەی نیازا بیر لەتاریکیی شەو و کەند و کڵۆی ڕێگە و دەست لێوەشاندنی جنۆکە و دێوەزمە بکاتەوە. هەر هێندەی لەسەرە هەتا ماوە بەپێی توانا بۆی ماندووبێ و لێی ماندوو نەبێ، ئەوسا ئەگەر لە ڕێگەشا بمرێ هەر بەختەوەرە.

دەڵێن سڵێمان پێغەمبەر مێروولەیێکی دیت، زۆر بەلەز و هەڵپە خەریکە گڵ لە دامێنی چیایەکی بەرزەوە ئەگوێزێتەوە، لێی پرسی: چیتە وا شەکەتی؟ گوتی: دڵم لەسەر مێروولەیێکە و پەڵپی لێ بەستووم هەتا ئەو کێوەی بۆ نەگوێزمەوە مێردم پێ ناکا. سڵێمان گوتی: هەی هەژاری چارە ڕەش! خۆ ئەگەر سەد هەزار ساڵیشت تەمەن مابێ. هێشتا هەزار یەکی ئەم کەژەت پێ لەبەین ناچێ. مێروو گوتی: قوربان لە ئاینی دڵداراندا لێک دانەوە دروست نییە!

هەر کە چاوم کراوەتەوە و بە دەوری خۆما ڕوانیومە دیتوومە «کوردستانی دڵبەرم لەنێوان تورک و ئێرانی و عارەبا دابەش کراوە و ئەو سێ گەلە موسوڵمانە، هاو ئاینانە، زۆر نامەدرانە و بێ بەزەیی دەمیان تێ ناوە و خوێنی گەلی کورد ئەمژن. تێش گەیشتووم ئەگەر هێزی ئیستیعمارگەرانی زل پشتی نەگرتنایە نەیانئەتوانی بمانخەنە ئەو قەفەزە پۆڵاینەوە و تا ئێستا تیا نەدەماینەوە.

ئەڵێن دوژمنی دوژمنت دۆستی تۆیە، منیش بەو پێیە و بەبیری خۆم تەنیا پەنا و پەسیوێکی بۆ کوردی بێچارە ئەمایەوە هەر سوپاگەی ڕۆژهەڵات و بەرەی ئیشتراکی بوون کە دوژمنی سەرسەختی ئیستیعمار و دژی چەوسانەوەی گەلانن و خۆیان بە دۆست و یاری بەشخوراوان و لێقەوماوان دەزانن. هەر چەندی لە دەستم هاتووە بۆم نووسیون و تا دەنگم بڕی کردووە هاوارم لێ کردوون و هانام بردوونە بەر.

کە گەلی کوردیش وەک خەڵکی کووباشوێن و جەزاییرشوێن و میسرشوێن و کوێ و کوێ لێقەوماون و بگرە هەزار پلە کڵۆڵ و چارە ڕەشترن، ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە. کە تا ئێستاش هەر بەهومێدی ئەو ئاوڕدانەوە مل کەچی ئاوڕ دانەوەم! جا ئەگەر جارێکیش لە ڕۆژگارێکا هەستم کردووە کە هێندێک لەوانە خۆیان بە پێشکەوتوو ئەزانن! ڕەفتاری دواکەوتووانەیان ڕەچاو کردووە و لێیان خۆش نەهاتووە باسی کورد و کوردستان بکرێ. یاخۆ ئەگەر منی هەژاری دەربەدەری خاکەسەر بەهەزار ناری عەلی خۆم ساز کردوە و بەر و بوخچەم بەرەو مۆسکۆ تێک ناوە، تا دادی گەلی هەژارم بەرمە بەر پەسارەی خانەدانی گەورە. هێندێک لە برادەرانی کورد و عارەبی ئازادیخواز! لێم بوون بە چقڵی مەم و زینان و نەیانهێشتووە دەنگی هاوارم بگاتە دادگای هەژاران. ناچار بووم لەسەر بیروبڕوای خۆم و لەسەر کوردستانی دڵبەرم وەدەنگ بێم و ڕەخنەیان لێ بگرم. تا کەریم قاسم بۆ کورد باش بووە خۆشم ویستووە و ئەگەر لە پاشدا هەڵی تۆزاندووە و لە بەڵێنی پێشووی پاشگەز بۆتەوە. منیش هەر بەو گەز و ڕبەیەم بۆ پێواوە. ئەگەر لە جەنگەی شۆڕشی پیرۆزی کورددا زانیومە خرۆشۆف چەکی بۆ قاسم ناردووە، لۆمە و سەر کۆنەم کردووە و پێم وابووە نابێ بە چەکی کرێکار و وەرزێران کرێکار و جووتیاری کوردی هەژاری هێمن و بێکەس بکوژرێ. کورت و کرمانجییەکەی ئەمەیە «کۆیلەی کوردستانم و نۆکەری باینجان نیم». هەر کەس بۆ کوردستان باش بێت سوپاسی ئەکەم و هەر کەسیش زیانی بۆ گەل و نیشتمانم هەبێ بەگژیا ئەچم. جابا کوڕی حەزرەتی پەلەپیتکەش بێت.

لەماوەی ئەو بیست ساڵەدا کە ناوئاخنی ئەم دیوانەی تیا نووسراوە. زۆر شتی پێچەوانە و دژی یەکترمان دیوە. دیارە نووسەریش یەکێکە لە گەلەکەی خۆی و بیەوێ و نەیەوێ ناچارە بەسەر هاتی گەلی خۆی تۆمار ئەکا. جا من ڕەنگە لەو ماوەیەدا جاروبارە تۆزێک تامی زارم گۆڕابێ. بەڵام ئەگەر بەوردی سەرنج بدرێ دەرئەکەوێ کە نیازی دڵم هەرگیز نەگۆڕاوە و هەروەک هەمیشە پەپوولەیەکم بەدەورەی گڕی ئەوینی کوردستانی جوانەوە و تا نەبمە چنگە خۆڵەمێشێک بە دەم باوە دەست لە باڵەفڕە و پەلەقاژە هەڵناگرم. وەک «مەحویکەس» فەرموویە:

لەسەرخۆ چوونە، شەیدا بوونە، قوڕ پێوانە، سووتانە
هەتا مردن مەحەببەت ئێشی زۆرە، ڕێزی لێ دەگرم

بیخوێنەوە و بەچاوێکی بێ لایەنەوە سەرنجی بدە. بەشکە شتی وای تێدا هەبێ بەر دڵت بکەوێ. خۆ ئەگەر هەمووشیانت پێ چرووک بوو. بیر لەوە بکەوە کە زۆر وشەی کوردیم خستۆتە سەر کاغەز. ئەمەش وابزانم هەر باشە.