پێشەکییەک بۆ چاپی دووهەم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  865 بینین
لەسەر تۆم دوژمنە دنیا - قضية مانع الجمععەرەبی
کە تەرکی تۆ نەکەم تەرکی هەموو دنیا نەکەم چبکەم؟
مەحوی

ساڵی ١٩٦٦ «هەژار بۆ کوردستانم» خستە بەردەستی خوێندەوارانەوە و هەستم بۆ ڕاگرت و گوێ قولاغی دەنگدانەوەی بووم، ئەوی ڕاست بێ خوێندەوارانی هاوزمانم بوونە چەند بەشێک و ئێستاش هەروا لکیان لێ دەبێتەوە، ئەوانەی ڕکیان لە شیوعی و دەستە چەپیەکان دەبێتەوە گوتیان «هەژار شیوعییەکی پیسە و بۆ ئەوە نابێ دیوانەکەی بخوێنرێتەوە!».

ئەوانەش کە وشکە شیوعی کوردن و هەموو دنیایان لە بیرە کورد و کوردستان نەبێ. گوتیان «هەژار فاشیست و ڕەگەزاوی و کۆنەپەرستە و لە ئەنترناسیۆناڵ و دەیالەکتیک نازانێ و فڕی بەسەر تەقەددومیەتەوە نییە».

مامۆستا جاشکەکانی ٦٦ وەک مامۆستا برایم ئەحمەدکەس و مامۆستا جەلال تاڵەبانیکەس و گەجەر گوجەری دەور و بەریان کە خۆیان هاویشتۆتە کۆشی بێگانان و کوردە نامووسی خۆیان بە پارە و پوول بە دوژمنانی کورد و کوردستان فرۆشتووە، نووکی قەڵەمی منیان وەک نەقیزە تێڕاچوو، جووتەیان لە ئاسمان دا. چاویان قووچاند و دەمیان کردەوە، دوژمنی ڕای ئیمانت بێ ئەو جوێنی ئەوان دایان و ئێستاش هەروا دەیدەن، ژنە قەرەج خۆزگەیان پێ دەخوازێ، دوای ئەوە کە سەرزارەکی تێریان جوێنی بازاڕی و بێشەرمانەدا، لەسەر ڕووپەری ڕۆژنامە عەرەبییەکەیان «نەوەرناوی تایبەت» و لە کۆواری «ڕزگاری لە نامووسناوی تایبەت»یاندا نووسییان کە «هەژار شایەری دەرباری بارزانییە و کێ نانی بداتێ بەو هەڵدەڵێ و بێگانەیەکی خوێنتاڵە و دژی تورک و فارس و عەرەبی برامانە و خزمەتکاری ترێستات و کۆمپەرادۆرانە» خوای تۆ ئەیزانێ ئێستاش نازانم ترێستات و کۆمپەرادۆر بەچی دەڵێن! جاشەکانی ڕەمەکی و عەشیرەتی بەبێ ئەوە تێ بگەن چم گوتووە بەشوێن دیوانەکەدا ئەگەڕان و بەلایانەوە شتێکی سەیر و خۆش بوو. تەنانەت هێندێک لەو هەڵبەستانەی دژی ئەوانم گوتبوو کردبوویانە گۆرانی و گەڕی ڕەشبەڵەکیان پێ دەگێڕا.

هێندێکی ڕەشخوێن و هەڵەش کە بە پەلە چاوێکیان پێدا خشاندبوو، تاقەتی سەرنجدان و لێکۆڵینەوەیان نەببوو. گوتیان «هەژار هەردەمە لەسەر بارێکە و کەس نازانێ بڕوای بەچییە!».

بەڵام ئەو کوردانەی کە بەتێکڕایی پەسەندیان کرد و لایان وابوو ئەرکی خۆم وەک پێشمەرگەیەک بەرانبەر بەگەل و نیشتمانەکەم پێک هێناوە، زۆر لەو ڕەخنە گرانە زۆرتربوون و زۆر بە دڵگەرمی پێشوازییان لێ کرد. تەنانەت لە هێندێک مەڵبەندەکانی کوردستاندا وای برەو پەیدا کرد کە لە بازاڕی ڕەشدا نرخی تا بایی دە دیناری عێراقی هەڵچوو. زۆریش نامەی ئافەرین و پەسەندم لە هەموو لایەکەوە بۆ هات و دڵخۆشیان کردم و جێ برینی دەم پیسانیان بۆ برژاندمەوە. جا لێرەدا من لام وایە ئەوی هەقی بووبێ تووڕە بێ هەر مامۆستا جاشکەکانن، چونکە ئەوان دەیانەوێ پارەی خەیانەتی هەرە گەورەیان بەبێ دەنگی بدەن بە شەراب و گۆشت و کەس لێیان لە هەرا نەدا. دەشزانن خوێندەوارانی دیوانی من لە کوردستاندا چەندن و کێن! ئەوی من لەسەری بنووسم زۆر گرانی بۆ تەواو دەبێ.

ئەو برا کوردانەی گوتیان هەژار شیوعییە و ئەوانەی فەرموویان کۆنەپەرستە و ئەو دەستەی لایان وابوو لەسەر هیچ باران نیم - گەردنیان خۆش و ئازا بێ - بەو مەرجەی لەبەریان گران نەیە و ئەمجارەش بڕواننە نووسراوەکانم و هەر لە ڕووپەڕی هەوەڵی پێشەکییەکەیڕا تا دوا دێڕی دوامین پەڕی بە لەسەرخۆیی و سەرنجدانەوە سەرلەبەر بخوێننەوە. ئەوسا بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە من کوردم و بەس. کوردستان لای من لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ڕووگەی هەرە پیرۆزمە و هەرگیز ڕووم لەم ڕووگەیەم وەرنەگێڕاوە و لە پەرستنی پاشگەز نەبووم و ناشبم:

عاشقی کوردستانم، گێلمە گێلمەی نازانم
نە فارسم و نەعەرەو، تێ ناگەم ئیمشی و برەو

ئەگەر بە ستالینم هەڵدەگوت، لام وابوو کوردستان ئازاد دەکا. ئەگەر بەگژ هێندێک شیوعی عێراقی و سووریدا دەچووم پێم وابوو زیانیان بۆ کورد و کوردستان هەیە. هەرکەس دۆستی کوردستان بێ و بۆ کورد بەهرەی هەبێ، من کۆیلەی ئاڵقە لەگوێی دەبم و پێی هەڵدەڵێم و لەبەری دەپاڕێمەوە و هەر کەس و هەر گەلێک دژی ئازادی کوردبێ و کوردستان داگیر بکات یان یاریدەی داگیرکەرانی کوردستان بدا، ئەگەر هەزار جار سوور و زەرد و بۆربێ و هەزار کۆمپەرادۆر و مۆمپەرادۆر بێ بەپێی توانا بەگژیدا دەچم و لەسەر تەناف هەڵی دەخەم و ئەگەر دەستم بیگاتێ دوودانە شەقی تەڕیشی ڕێ دەخەم. هەرکەسیش لەسەر ئەو بیروباوەڕەم لێم تووڕە دەبێ و جوێنم پێ ئەدا کەیفی خۆیەتی. بەڵام دەبێ ئەوەندە بزانن کە لەسەر کورد و کوردستان جوێنیشم پێ بدرێ و خوێنیشم بڕژێ هەر بە خەڵاتی دەزانم، وەک لە گۆرانیدا دەڵێن:

دەگەڵ تۆمە چاوی چاوم
لەسەر تۆ زۆریان لێ داوم
وەمزانی خەڵات کراوم

خوێندەواری بەڕێز:

وەک زانیت لە چاپی هەوەڵی ئەم دیوانەدا زۆربەی ئەو شیعرانەم چاپ کرد کە لەنێوان ٩٤٨ و ٩٦٦ دا نووسیبوومن. وا لە چاپی دووهەمدا ئەوانەشم خستە سەر، کە لە نێوان ٦٦ و ٦٩ شدا نووسیومن و هەروەها هێندێک لە کۆنە شیعرەکانیشم کە نەمدەویست ون بن لەم چاپی دووهەمەدا جێم بۆ کردوونەوە. بەهومێدم لە دەرفەتێکی تریشا ئەوانەی کە لەمە بەولاوە دەیان نووسم پێشکەشتی بکەم. بابزانین مەرگ ماوەمان پێ ئەدا یان هەر لە ئێستاوە لێک دیدار ئاخرەت دەبین! خوا ئەیزانێ!