بەسەرچڵی تۆزێک لە بەسەرهاتەکەم

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 14 خولەک  1055 بینین

با هیچ کارمان بەوە نەبێ کە من ئاخۆ چ ڕێبازێکم گرتووە و لە هۆنینەوەی هەڵبەستم نیاز و مەبەستم چ بووە؟ شایەرم یان لاپرەسەنم؟ خۆشم نازانم کامیانم. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە سی و چەند ساڵی تەمەنم دەربەدەر و ماڵانگەڕ بووم. نزم و بەرز و پیس و پاک و بەد و چاکی زۆرم دیوە. بە دەردی کوردگوتەنی: دنیام قونەکەو کردووە. بۆ نانەوشکی ڕۆژانە و بۆ جێ خەوێکی شەوانە لە شاگرد مەیخانەچیەتییەوە بگرە تا عەنباڵی و قوڕەکاری و گەسک لێدانی ماڵان و کاشی ماڵی و ئامان شوشتن و زبیڵ ڕشتنم کردووە. ئەوەی بەسەر من هاتووە بەدەردی حاجیەکە گوتی: بەسەر حەسەن و حوسێن هاتبا سەکەت دەبوون. بە قەتاری دەرەجە سێ، ئۆتۆبۆسی دەرەجە دوو، کەڵەکی فوو. بە سەفەر چووم. لە ناو جەرگەی هەژاراندا لە نەداریدا یەکەم بووم و دەگەڵ هەژاراندا ژیاوم. زۆر بە پاو گاگاش بە سواری زۆر باژێڕ و گوند و گۆڕ و شیو و بەربنار و شاخ و دۆڵ و دەشتی بێروون و وشکارۆ و چۆڵ و هۆڵ و پان گەڕاوم. شەوگار لە هەرزانترین خان یان لەسەر بانی مزگەوتان، جارجار لەسەر ڕەڵمی گەرم لە سارایە، زۆرجار لەو کەژ و چیایە لە ئەشکەوتان، لەسەر بەردان لەبەر باران و لەنگێزە ستارم گرتووە و خەوتووم. بەرگ شڕی و بێ شمەکی و کەوش چەکی و چڵک و چەپەڵی و گەماریی بێ ئەسپۆنی و ئەسپێونی هۆگریان پێوە گرتووم و چاومیان بەخۆ ڕاهێناوە. گوێچکەم بە جوێن و پلاری خاوەن کاری نالەبار و ڕژد و خوێڕیلە خاراوە.

واتا دەردی هەژارانم نە بەدەم، بە دڵ چێشتووە. مەسەل دەڵێ: سەد بژیشک بە ئەندازەی دەردەدارێک نازانێ نەخۆشی چییە؟ ویستوومە ڕۆژگارێک دابێ هەژار لە بێگار ڕزگار بێ و بەگیاندارێکی بەئابڕوو حەساو بکرێ و هەر بەسەری زیندوو نەمرێ. بۆ پێکهاتی ئەم ئاواتەش شنگڵێکی پێداویست بۆ لە خۆ بدرێ و کارێک بکرێ هەژار بە بێچارە خۆران نەخورێ. پێشینانمان گوتوویانە: مناڵی مناڵ ئاساییش تا نەگری شیری نادەنێ. ماف کە نەسێنرێ نادرێ.

سەرباری دەردی هەژاری و لەش بەباریش گەلێک ساڵان بەرخ ئاسایی لە گورگی ورگن ترساوم، پۆلیس و مووچەخۆرانی دەوڵەتانی داگیرکەری وڵاتەکەم هێرشیان بەتاو بۆ هێناوم، ناچاربووم بە زگی برسی خۆ لە قوژبنان قایم کەم نەمدۆزنەوە. دایم لەجێ گۆڕکێدا بووم نەک لە شوێنێک پێم بزانن و بمقۆزنەوە.

لە ئێرانشوێن ڕام کرد بۆ عێراقشوێن، لە عێراق پۆلیس ڕاوی نام بۆ سووریاشوێن، لە سووریا بوومە قاچاغ و لەوێش دەبوو لە شوێنەونکە قۆچاغ بم. «ئۆباڵ بەستۆم ناهەقیش نەبوو بمگرن» چونکە منی نیومن و نیونیومنیش نا، بێ کەس و بێ دەر و بێ کار وەک جەنابی مەلا فەرمووی بە زگێگ تێر لە دوو زگان برسی، هێشتانێ عارم نەنابوو، بەخێر سیاسەتم دەکرد، واتا لەسوور دۆڕاندبووم لەکایەم تێ هەڵدێناوە. وەک دەڵێن «کوێر هەتا دەمرێ هەر بەئاواتی چاوانە». بۆ ئازادی تێ دەکۆشام، لە هاواڵی ڕێ دەگەڕام، بەشکو ڕۆژێک لە سایەی هاوکاریی واندا ئەو ڕۆژانە ببینمەوە کە کوردستانی دڵبەرم ماوەی ساڵێک تیا ژیاوە و ئاڵای خۆی لەسەر شەکاوە.

هەر کۆمەڵێک بەدەم یان بەجیڕەی قەڵەم بیگوتایە بیری ئازادیم لەلایە، دەچوومە لای. دەگەڵ سوورە خۆماڵییەکان بوومە ئاشنا، هێندیان قسەی خۆش بۆ کردم، هێندیان بە دەم دڵخۆش کردم کە لام وابوو هەر کەسێ سمێڵی سووربێ هەمزاغایە. سوور لە پیلی کورد دەنەون و بەرەو بەهەشتی ڕادەدەن. تا سەرەنجام بۆم دەرکەوت ئەو بابە ڕاستەش زڕخاڵە و فەرموودەیان کرچ و کاڵە و تۆپی پتە و ناو بەتاڵە. ئەوانەی هەوسارم دەگرن بەرەو کەندەڵانم دەبەن، چیم هەیە لەویشم دەکەن، عارەبە ڕەشکەی خۆسوورکەر بۆ عەرەبایەتی کردن دەستی نازیی ئاڵمانشوێن خوازی بە بزمار لە تەختە دابوو. تەنانەت سوورە کوردەکەش کە بۆیان فریو درابوو بە شانازی خۆی بە تازی حەساو دەکرد، بۆ ڕەگەز پەرستی عارەب ببووە نۆکەری بێ مز و کوردایەتیی بە لاوە گوناح و سووچ بوو. بە زمانی خۆی کە کوردی بوو نەیدەدواندم، لە عارەبیش کۆڵەواربوو. سەیری خۆشیش لەمەدایە لەوەتا لە وڵاتی عارەب کمۆنیستی پەیدابووە؟ هەتا ئێستاش لە میسرشوێن و سووریە و عێراق - مەگین چلۆنکایی بووبێت - ئەگینا کەوچک بە دەستی حیزبەکانی بە گفتی خۆیان «کمۆنیست»، سەرلەبەریان بەچکە کورد بوون. هەمووش تێکڕا مامۆستا «خالید بەگداشکەس»یان بە مامۆستای هەرە باشیان پێ ناساندووین. بەگداشی کورد و مامۆستاش ناوی کوردی بیستبایە وەک دڕکی وەبن کلکی دەن جووتەی داوێشت. سوور مانای ئەوە بوو وابێ، کوردەکەش بکاتە عارەو. تازە لەو ڕەنگەی گرتوویە نابێ هەرگیز کاڵ بێتەوە، جا مەگین تاکتیک تێکی دا.

پیاو با قسێکیش بۆ دز بکا، ماڵم هەقە جار جارە ڕەنگیان دەگۆڕا. ئەویش کەنگێ؟ مەسەل دەڵێ «بۆز بە لەڕی ». هەرکاتێ تێیان دەگیرا و لە لایەن دەوڵەت ڕاو دەکران یاخۆ لە هەتیتە دەدران. بۆ تەفرەدانی ئەوانەی کورد و کوردستان پەرستن تا پەنایەکیان دەسکەوێ و لە ناو کورد بپارێزرێن و سەر لەنوێ ببووژێنەوە. بە زەرتک خۆیان ڕەنگ دەکرد و وەکوو ژێ کافەکەی خۆمان کوردستانی یەکپارچە و مەزنیان دەویست. بەڵام هەر ترسیان دەڕەوی، بار دەگۆڕا. وەک فتیلەی ناو تەویلە دوای وەی کاریان پێ نەدەماین پفێکیان لێ دەکردین و لە دەلاقەیان دادەناین. عەلاقەیان دەگەڵ کوردپەروەران دەبڕی و هەرکەس کورد با و بیگوتایە من عەرەب نیم دەمیان دەشکاند.

ئەوجار پارتی

دەگەڵ پارتی «هەمزەکەس» و «برایم ئەحمەدکەس »دا- واتا خەزوور و مامۆستای ئەم مام جەلالەی ئێستامان، کە دەیانگوت ئێمە بۆ کورد خەبات ئەکەین. هەر لە ئێرانەوە دەرچووم ڕاستەوخۆ چوومە لایان و لە ژێر سێبەری ئاڵایان وەک سۆفیلکێکی ساویلکە لە لاشیپانەی دەرگایان دەستەونەزەریان دەوێستام و فەرمانیانم بەپێی توانا بە گیان و دڵ پێک دەهێنا. لە پاش چەند ساڵ، دوای هەزار ئەزموونی سوێروتاڵ تازە بەخێر تێ گەیشتم وەک لە بەیتێکا گوتوومە «پووچ هاتووم بە شوێن کڵاوی قووچا». پارتەکەی جێ هومێدیشم خۆی بە هیچ کارە دەزانی و ببووە کلکی ئەو تاخمە سوورە زرتانەی تانەی چاوی کوردخوازان بوون، کامەی لە پارتییە کوردەکەی لەچاو مەمانان چازان بوون خۆیان ناونا ئاوی ئاوی کەروێشکەکە و دەشیان گوت ئێمە خەست تر و بۆ برایەتیی گەلانی کورد چەوسێنەوە بەکارتر و بەهەست ترین، بەڵام هەرچەند کلکەسووتە و ماستاویان کرد بەهیچ ئاوا کوردایەتی و کمۆنیستیی ئەو سەردەمە پێکەوە پیڵۆز و جوت باقیە نەکرا و هەرچی وتیان گەمەی پێ کرا و وەک کوردە لە هەردووک جێژنان بووین. ئیتر منی هەژاری دەربەدەر و زویر وەک گای ئاوکێشی کۆڵ و بیر لە جەغزێکی بێ جەمسەردا دەخولامەوە. هەڵە، یان ڕاست، وازم زۆر لە کوردایەتی بوو. دەهۆڵی کوردایەتییەکەش داخەکەم دەنگی نەدەدا، نمی ئەنتەرناسیۆنالیستی کێشابوو. یان بەقەولی کاک زەبیحیکەس: کۆزمۆپۆلیتیی تێی ڕیابوو.

لەبەر ئەم دەپاڕامەوە، لەلای ئەو دەڵاڵامەوە پیاوی چابن وەرن کورد بین. ئەگەر هەر کمۆنیستیش بن بڵێن کمۆنیستی کوردین و دەمانەوێ بەو ڕێگەدا کوردستانمان ئازاد بکەین. ناڵێم دۆستی و ئاشنایەتیی گەلانی دراوسێ مەکەن. دەڵێم ئێوە نانی خۆتان لەسەر سفرەی تورک و تاجیک و عارەبان دەرخواردی میوانان مەدەن. با بزانن خانەخوێ کورد بوو. بەلانی کەم مرۆ دۆست بن. سوور دەزانن هەر کوردە لەڕووی دنیادا نە ناو نە ناسیاوی هەیە. لە زۆر شوێنان کۆمەڵی بەزەی جانەوەر هەیە هیچ نەبێ ئێوەش کۆمەڵێک بۆ ئاگا لەو جانەوەرەی کە ناونراوە گەلی کورد پێک بهێنن. چ دەقەومێ؟ زوو پەرسڤیان دەدامەوە تورک و تاجیک و عارەبیش بە بیست و چەند دەوڵەتەوە هەموو برا گەورەمانن. تا برای زل ژن نەهێنێ برا چووکە هەقی نییە متەق بکا.

ئێمەی بە خۆمان دەڵێین کورد لەبەر هەر حوکمێکدا دەژین لەسەرمانە قڕوقپ بین، نەڵێین کوردین. ئەگەر پێیان فەرمووین چەرموین، ئێمە ئێژین «بەفری کەژین » ئەگەر گوتیان تاڵە جوانە دەبێ بێژین «کڵۆی ڕەژین». دەبێ هەریەکەی لەلایەک بڵێین. ئاریین، بەچکەی قەحتان و نزارین، تورکی کێوین. بەزمانی ئەوان داخێوین. خۆمانیان بۆ بەکوشت ئەدەین. تا هەموو وڵاتەکانیان بەرەبەرە وەک خوێنی پژاومان سوور دەبێ و وەک شیلان و دەنکە مەرجانی ناو بەرموور دیمەنیان دێتە بەرچاومان، هەرگا ئەوان سوور هەڵگەڕان خۆیان فەرمانمان پێ دەدەن بێژین کوردین «کەرە مەمرە بەهار دێ» عاسمان دوور و زەوی سەخت ئەمن چ بکەم؟ پیاوی دڵدار لە ڕێگەی گەیشتن بە یار هەر کارێکی لا ڕەوایە. چاری ناچار بۆ ئەوە هەلم دەسکەوێ و دادی کوردان بەگوێی ئازادانی دنیا دادەم، بە هەزار تەڵەکە و کەڵەک دەگەڵ تازەڕەنگ ئاڵێکی دەڵەمەی هێشتا کورد و کاڵ خۆم ڕێک خست و هەرچۆنێک بوو خۆم گەیاندە جەژنی لاوان لە بوخارێست، دەردی کوردم بۆ ئازادیخوازانی جیهان شی کردەوە، کیژە تورکێک دەسکێ گوڵی پێشکەش کردم و زۆر عوزرخوازی لێ کردم کە کورد لە وڵاتەکەی ئەودا بەر ستەمە. نوێنەرانی گەلانی دیش هەر کەسە بە نۆرەی خۆیان دڵسۆزیی خۆیان دەربڕی. برا کوردە سوورەکانی هاوڕێم نەبێ کە لەسەر ئەم کوردایەتییە کارێکیان بەسەر هێناوم «عارەب بەسەر گامێشی خۆی نەهێناوە.»

جارێکی تر بۆ بەشداری لە فێستیواڵی مۆسکۆدا کە برا سوورەکانی عێراق گوتبوویان قەی ناکا بچن؟ خۆم تەیار کرد. برا کوردە سوورەکانی سووریایی کە دەیانزانی هەر کوردم. کارێکی وایان پێ کردم «با بە دەواری شڕی ناکا»، من و دوو هەواڵەکەمیان کە یەکیان کاک زەبیحی بوو ناونا «خوێنتاڵ و ئیمپریال»، پێت وا نەبێ منیش دەستم دادەنەواند. مستی وام تێ دەسرەواندن گورچووبڕبێ و حاڵیان شڕ بێ، دە جار ناویان نام جاسووس و سەدجار پەشیمان بوونەوە و دەستەوداوێن دەبوونەوە هاوکارییان دەگەڵدا بکەم یا کەمتر ئازاریان بدەم. جا ئەگەر لەسەر کوردێنی لۆمەی سوورە زرتەم دەکرد؟ مامۆستاکانی پارتیمان لە بنەوە کەیفیان پێ دەهات. بەڵام لە ترسی مەلعوون بوون نەیان دەوێرا دەری خەن. ئەو ژیانەی کە من لەو ماوەدا ڕام بوارد ئەگەر بە درێژی باس بکرێ مەسنەوییەکی حەفتا هەزار مەنیی دەوێ! سوور ئەو سوورەن کە لە کوردایەتی تووڕەن. پارتی کوردیش بێ دەسەڵات و بێ بڕشت هەموو ئاواتی ئەوەیە بەلانی کەم بە ئاڵی و کاڵی حەساو کەن. بەڵام لێیان قبووڵ ناکەن، ئێژی سوورم، دەڵێن شینی! دەڵێی واکم، دەڵێن هینی و نامانەوێی. دەوڵەتیش دژی هەردووک لا.

منیش جارێک بە سووری تۆخ، هەلێک بە شینی چویتی، چەلێک بەناوی ئێرانی سنوور پەڕێنی غەوارەی بەدکار دادەنێن و بە چراوە لە دووم دەگەڕێن کە بمگرن. ببوومە مەتەڵی ئەسپێ «ئەولام تات و ئەملام تات وەی بابە جیقم دەرهات». قاسم کوودەتایەکەی کرد، مەلا مستەفا بارزانیکەس پاش چەند ساڵ ژیانی تاڵ کە لەسەر کوردایەتییەکەی بە بۆمبارانی دەوڵەتی هەرەزلی ئەو سەردەمە لەخاکی خۆی دەرکرابوو، لە مهابادشوێن یاریدەی کۆمەڵەی کورد و کۆماری کوردانی دابوو، لەپاش تێکچوونی کۆمەڵەش، دەستی بۆ دوژمن نەدابوو، چووبووە ڕووسیەی شورەوی و بە پەناهەندەیی ژیابوو، گەڕایەوە بۆ بەغداشوێنیە. بە هاتنەوەی پارتیی ژاکاو، بووژایەوە، کوردایەتیی زۆر بە هێز هاتە کایەوە و ناوی کورد و کوردپەرستان لە دنیا دەنگی دایەوە. لەمن هەر مەپرسە چۆن بووم! چەند بەو موژدە گەشامەوە. کۆنە ئاشنای چواردە ساڵ لەمەوبەرم بوو، ئەوساش هەر تاجی سەرم بوو، هەر کە دیتمی و دواندمی، زانیم ئەوەی لە دووی وێڵم دۆزیمەوە، ئاواتی کوردستانە و بەس. هیوای منی هەژارۆکە و ئەو مەردە ئازا و بەکارەی لەخوا نەبێ ترسی لە هیچ کەسێک نییە، تەواو یەکتر دەگرنەوە. خۆم بە سۆفیلکێک دەشبهاند کە نزیک بەناهومێدبوون خوا پیرێکی زۆر پیرۆزی بۆ گەیاندم. زۆر بە بەختی خۆم دەنازم کە لە پەنای خۆی پەنای دام، لە سای ئەودا بەرگی لالایی و مەرایی ساڵەهای ساڵم سووتاند و هەودای ترسانم پساند و دەروازەی خەمم داخرا و گرێی دەمم کرایەوە. لەوساوە لەبەرپێی ئەودا، کە تادەمرم تۆزی بەرپێی بە پیرۆزترین شت دەزانم، تا لێک دیدار ئاخرەت بووین بە ئازادی چیم بەدڵدا دەهات دەمگوت، هەر تەنگانەشم بۆ دەهات دەیپاراستم.

بارزانی نەک تەنیا بۆ من بۆ هەموو نووسەران چابوو. بۆ بێکەسکەس وەختی خۆی کەس بوو. بۆ قانیعکەس و مام هێمنکەس و جگەرخوونکەس و گش نووسەر و شاعیرانی بێ بەش و ناکام برابوو. ئەگەر کەسانێک وا بزانن کە من بۆرە خزمەتێکم بە زمانی کوردی کردووە، با مەمنوونی بارزانی بن، چونکە ئەگەر ئەو نەبوایە کەس پەڕێکی چاپکراوی لە نووسراوی من نەدەدی. باسی پیاوەتی و ئازایی و کوردایەتی و مەردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی زۆر کتێبی گەورەی دەوێن تا دەناسرێ، کە لێشم ڕوونە دەنووسرێن. بەڵام هەر شت بەوەختی خۆی. من دەزانم تاریخ داوەرێکی چاکە، هەڵە ناکا و پەلەش ناکا. بە ڕۆژی خۆی پاک و پیس لێک هەڵداوێرێ. لە زۆر زەردە قۆڕەی ئەمڕۆ کە هەردەم ڕەنگێ دەگۆڕن خۆ دەبوێرێ و بەناوی ئەو کوردە مەردە سەر ڕووپەڕی ڕێزە ناوی هەموو کوردی شۆڕشگێڕ و پیاوی ئازادیخوا و ئازا و کوردستان پەرستی کۆن و تازە دەڕەنگێنێ. ئەوی کە دەڵێن «بارزانی مرد و نەما » زۆر نەزانن، بارزانی هەرگیز نامرێ و نەشمردووە. گەلێکیش لەو دەم هەڵانەی دەڵێن زیندووین، لای من بە مردوو حەساون. دەریا دوڕ دەشارێتەوە و ئاوماڵک و کەف وەسەر دەخا. با چاوەنۆڕی تاریخ بین، دوا ڕۆژ هەموو شت دەردەخا.

جا ئەی خوێنەری بەڕێز و خۆشەویستی هاوزمانم. ئەوا چاپی سێیەمینی دیوانەکەت پێشکەش دەکەم. تکایە تا سەرلەبەری نەخوێنیەوە. نە جوێن بدە، نە باسم بە چاکە بکە، بە پەلەشی مەخوێنەوە، لێی ڕامێنە، وردی کەوە. بەرانبەر بە ڕۆژ و کاتی نووسراوەکەی پێ نووسراوە و بۆی نووسراوە بیر بکەوە. با تێم بگەی کە من چیم و چم ویستوە. ژیانم چلۆن تێ پەڕیوە و چهام دیوە. ئەگەر بە کەیفێشت نەبێ هیچ نەبێ ئەوە فێر دەبی کە وەکوو من هەڵە نەبی و لە هەزار جێ دەستت بەزاخاودا نەچێ. لەوانەشە کەسانێک کە سەرزارەکی دەیانناسی و بە پیاگی خاسیان دەزانی بیانناسی چین و چیان دەوێ. یان کەسانێک کە فێڵبازان بە شات و شووت بە دزێویان نیشانداوی لە خوێندنەوەی ئەم دیوانە تێ بگەی کە فریودراوی و لە هەڵە پاشگەز ببیەوە.

بەسەرهات و تەجرەبەی سی و دوو ساڵی ڕابردووی ئاوارەییی منی هەژار بەهێواشی شی بکەوە و گەوەکانی تێک خەرەوە و بیدە بەر بیری ڕووناکت. ئەوسا ئەگەر هیچی وات وەبەر چاوکەوت کەموسکێک کەڵکێکی هەبێ ڕەحمەتێکم بۆ بنێرە. خۆ ئەگەر چی باشت نەدی و ڕێگەکەمت بەشاش زانی ئەوسا گەردنت ئازا بێ، جوێنێک بدە و بەدەردی کوردە گوتەنی «تفی خۆت باوێژەو بڕۆ ».لە کۆتاییدا دەمەوێ کورت و کرمانجی پێت بڵێم «کوردم و بەس ». هەرکەس کوردپەرستی ڕاست بێ سڵاوەتم لە دیداری. ئەمڕۆ ئەوپەڕی ئاواتم ڕزگاربوونی کوردستانە لە بێگانە. بە فەرمایشی مام هێمنکەس «وەتەن خەرابە چ دەربەستی بیرلەن و پەکەنم ». سا ئەوە تۆ و ئەوە دیوانی «دێوانەی کوردستان» .