مەتەڵ
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1647 بینین
ئەم مەتەڵەمان نەختێک گرانە
لەقینی ئەوەی وتیان ئاسانە
زبانزەدێکی کوردی پەتییە
لەجێی پاساری ئەم پێنج پیتیە
هەرچی ئەنووسین کوردی پەتییە
با پێمان بڵێن پەتی و پەتییە
یەکەم و دووهەم لەلەی ژمارە
لە خوار پێپیلکە سەدا بنوارە
وەریگێڕیەوە پارچەیی لەشتە
کە ئەوەت لێ بڕا، گریانە بەشتە
سێهەم بخەرە ناو دوو و یەکەوە
بۆ جل و ڕاخەر نەنگە پێکەوە
کە سەری نەبێ کونی تێ دەبێ
ڕیسی جۆڵای پێ جێبەجێ ئەبێ
یەک و سێ بڵێ عەزیز بەو وڵاخ
کاتێکت زانی چوو بۆ ئابلاخ
یەک و دوو و پێنجی جەرگەی زستانە
لەگەڵ پەیدا بوو چلە بەندانە
دووخاڵی نەبێت ئێنجا دەعبایە
پیاوخۆری شەتی خواری بەغدایە
کێ هەڵیبێنێ ئەمجارە بە خوا
وێنەی شیرینی سجووقێک ئەخوا