هارون الرشید
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
870 بینین
هارون الرشیدکەس ڕۆژێک دڵگیر بوو
ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەرگی لە بیر بوو
ئەیویست تێ بگا ڕۆژێک پێش مردن
بۆ تێگەیشتوو چی چاکە کردن
وتی: بۆم بانگ کەن جەعفەری وەزیر
جەعفەر پیاوێک بوو بە ڕا وو تدبیر
هات و کڕنووشی بۆ خەڵیفە برد
خەڵیفە فەرمووی: جەعفەر دەستوبرد
بنێرە، سێ کەس، یەکێکیان تجار
دووهەم فەلاح بێ، سێهەم مۆسیقار
ئەم سیانە بێنن خۆشت ڕاوەستە
بزانم کامیان تەدبیریان ڕاستە
هەرسێکیان هێنان بە هەڵەداوان
بە شپرزەیی گەینە بەر دیوان
خەڵیفە توند بوو، بیانووی پێ گرتن
هەموو بە ئێعدام مەحکومی کردن
بەڵام ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارە
مۆڵەتی دانێ، پاشتر سێدارە
ئەوان ڕۆینەوە ئێوارە داهات
خەڵیفە ناردی دیسان جەعفەر هات
جلیان لێ گۆڕی ماڵ بە ماڵ گەڕان
ڕووی کردە ماڵی تجار لە پێشان
ڕوانیان تجار بێهۆش لەپەوڕوو
لێی ڕاکشاوە وەک نیوە مردوو
وتیان: تۆ هەڵسە، ئێمە دەروێشین
جڵەوی قەزات بۆ ڕادەکێشین
وتی: لێم لادە، وا من ڕابوردووم
سەلەمم ماوە بۆ ئەوە مردووم
لەوێوە چوونە ماڵی گۆیەندە
ڕوانیان بەزمە و قاقایە و خەندە
چوون لێیان پرسی: ئەم بەزمە چییە؟
بۆچ بنیادەم نیت وا غەمت نییە؟
وتی: لێم گەڕێن ساتێکم ماوە
سەعاتێکی تر عومرم تەواوە
دنیا خۆشییە و چاک بەسەر بردن
لنگ بزاوتنی پێ ناوێ مردن
ئەمجا چوونە لای جووتیاری هەژار
ڕوانیان بیست جووت گای خستۆتە کار
وەک ئەم دنیایە تا سەر بمێنێ
وا بە پەلەپەل تۆو دادەچێنێ
پرسیان: خۆ تۆ ئێوارە ئەمری
ئەم شێف و وەردە تازە بۆچ ئەبڕی؟
وتی: پێشوونیان بۆ ئێمەیان کرد
ئێمە بۆ نەیکەین بۆ مناڵی ورد؟
ئەگەر ئەمڕۆ بێ و من تۆو نەچێنم
میللەتەکەمان بە چی بژێنم؟
من خۆم ئەتوانم بە دوو نان بژیم
بەڵام خزمەتی وڵات نەکەم چیم؟
ئەوەی کە خێری بۆ وەتەن نییە
بە چی ئەیزانی کە دۆژمن نییە؟