چاوبرسی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  466 بینین
ڕۆژێک عارەبیکی جبوور
ئەهاتەوە لە ڕێگەی دوور
گەیشتە لای قەسری شیرین
لە مێرغوزارێکی شیرین
دابەزی قاوەڵتی ئەکرد
هەگبەی لەسەر حوشتر داگرت
نان و هێلکە و گۆشتی تیا بوو
کە ڕوانی کوڕێک پەیدا بوو
سڵاوی کرد لە لای دانیشت
کابرا گرژ بوو لچی داهێشت
سەری شۆڕ کرد نانی ئەخوارد
کوڕەش هەر پارووی ئەژمارد
عارەب پرسی: تۆ کوێندەریت؟
وا لە شەرم و حەیا بەریت
وتی: بێگانە نیم یارم
ئەمساڵ لای ئێوە جووتیارم
ئەمجا وتی: أشلون الحالعەرەبی
چۆنن چاکن ماڵ و مناڵ؟
کوڕە وتی: بە کەیفی تۆن
شوکور هەموو بە ڕەنگوبۆن
وتی: «خمیّسی» کوڕم
دەشت و کێو بۆ ئەو ئەبڕم
وتی: «الحمد للهعەرەبی» تەواوە
پێگەیشتووە و بە شەرت پیاوە
وتی: دایکی چۆنە، ساغە
وتی: چاکە و بەدەماغە
وتی: ماینێکی چاکم بوو
وتی جوانوو ماینێکی بوو
وتی: تانجیە زەردم ماوە؟
وتی: هەمیشە لە ڕاوە
کابرا لە خۆشیانا وەک هار
دەمی بۆ پاروو کرد بە چوار
تیکەی زلی بە یەکادا
هیچ بەشی کوڕەی لێ نەدا
ئەوی لە بەری مایەوە
نایە هەگبە و پێچایەوە
کوڕە ئێجگاری حەپەسا
دڵی تێکەڵ هات لە برسا
لەو کاتەدا ئاسکێک ڕابوورد
کابرای عارەب سەیری ئەکرد
کوڕ وتی: تف لەم دنیایە
ئێستە تانجیە زەرد بمایە
نەیئەهێشت ئەم ئاسکە بڕوا
عارەب پرسی: چی لێ قەوما؟
کوڕە وتی: ڕۆحی سپارد
گۆشتی ماینەکەتی زۆر خوارد
وتی: ئەی ماینەکەم چی بوو؟
وتی: فێی لێ هات و شێت بوو
لەقەی لە کوڕەکەت دابوو
کوڕە گیانی تیا نەمابوو
پۆلیس هاتن ماینیان کوشت
خەبەری ڕاستیم نایە مشت
زاتەن ژنەکەت نەما بوو
خانووی بە سەردا ڕووخا بوو
عارەب بە گریان بۆی دەرچوو
نان و هێلکەی هەموو بیر چوو
کوڕە میراتی پێ بڕا
ئەوەندەی خوارد هەتا پچڕا
ڕۆڵە ئامۆژگاریت وابێ
وەختی نان، خەڵکت لە لا بێ
بە ڕووخۆشی بڵێ: فەرموون
بەوە خەڵک لێت ئەبێ مەمنوون
چاویش مەبڕەرە نانی کەس
ئەوی خوا داویە بیخۆ و بەس
سەیری بەخیل چی لێ قەوما
بۆ کوڕەی چاوبرسیش نەما