لەغاوی شەیتان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  583 بینین
مام چەوەندەری زێڕینۆکی
پیرێک بوو دایم ئەکۆکی
شێفی ئەبڕی لە وێڵەدەر
بەردێکی گەورەی هاتە بەر
نووکی گاسنەکەی تێ گیران
بەردەکەی لەجێی خۆی جووڵان
کونێکی زلی لێ دەرکەوت
تاریک و قووڵ بوو وەک ئەشکەوت
بە پێپیلکە چووە خوارێ
هەر ڕۆیشت تا گەییە غارێ
حەوت کووپەی ئەڵماس و گەوهەر
کەڵەشێری ئالتوون لەسەر
سەری کووپەکانی لادا
ئەڵماس شەوقی وەک چرا دا
سەری کووپەکەی قایم کرد
دەستی بۆ ئەڵماسێک نەبرد
ئێوارە هاتە ماڵەوە
بە خەپلەی هەرزنی تاڵەوە
ملی ڕاکێشا وەک گاجووت
جلە گای ڕاخست و لێی نووست
سبەینێ ڕۆژی لێ بووەوە
وەک ڕۆژان بۆ جووت چووەوە
جارجار سەری خەزنەی ئەدا
تا ساڵێک دەستی لێ نەدا
بەهار هات وەردی دایەوە
ماندوو بوو پاڵی دایەوە
ڕوانی گورگێک بە چەمەوە
وا هات شتێک بە دەمەوە
لێی ڕاپەڕی بە پڵارێ
شتەی لە دەم خستە خوارێ
کە دی مناڵێکی بچووکە
چاو داقڵیشاو بزبزۆکە
داینا و نەختێک بووژایەوە
ئەمجا کە چوو بە لایەوە
وتی: بە سووک تێم مەڕوانە
باوکم پاشای جنۆکانە
وا یەت بە هەزار سوارەوە
جارێ منی لێ بشارەوە
کە وتی: مژدەی چیت ئەوێ؟
تۆ مارەیی دایکمت بوێ
ڕوانی، وا شای جنۆکان هات
بانگی کرد: کوڕەم چی لێ هات؟
تاجی شاهیم بە سەرەوە
بۆ تۆ و کوڕەم بدەرەوە
جووتیار وتی: لە تاج گەڕێ
مارەیی دایکیم بدەرێ
بانگی کرد، هەردوو گۆیچکەی گرت
بە سەریا خوێند لە هۆش خۆی برد
مستەکۆڵەی دا لە سەری
لغاوی لە دەم دەرپەڕی
هەڵی گرت و گەڕایەوە
مام چەوەندەرە مایەوە
هاتە هۆش خۆی واقی وڕ ما
وتی: یاران چیم لێ قەوما!؟
بە شوێن کلکی گادا وێڵم
ئەم دەشتە بۆ کێ دەکێڵم
من گەنجی بێ ڕەنجم دەسکەوت
بۆچی بیکەم بە پاشەکەوت
هاتە ناو شار بە دزیەوە
زەڕەنگەرێکی دۆزیەوە
ئەڵماسێکی پێ نیشان دا
جووە شێت بوو لە تاواندا
بە پێنجسەد لێرەی سەودا کرد
دایە و خانوویەکی پەیدا کرد