گیپە

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  779 بینین
ئەحمەدئەحمەدی عەزیز ئاغا، با گیپەت بۆ ئەو تیپە بێ
گیپەت خوارد بێ من، گوپت گیپە بێ
خۆ من ئەو ساتە هاتبوومە لات
تەفرە بۆ من بوو سفرە بۆ جامات
وتیان کەللەکەت هێشتا دەیباڕان
ورگتان برنجی کاڵی ئەخووسان
ئەگەر وەک کەللە مێشکت داتەکێ
ئەبی بە وەزیر فریشکت ئەتەکێ
وەک کڵاو قازی بێ دروومانی
ئاگری بن دیزەی زۆر بێ ئامانی
ڕیخۆڵە چەورەی لە خۆت ئاڵاوی
پێچکەی خۆت بەستووە لەجێدا ماوی
هەر وەک شیلاوگ هەوێنی شیری
لە نووکتەی وردا پەیکانی تیری
دەستی عیزەتت دائم لە سەر بێ
هەرمێی بەهەشتت ئاودار و تەڕ بێ
کردەی تۆ و بردەی نادی «مەزڵوم» بێ
خراپەت دیار بێ، چاکەت بن گۆم بێ
منیش کەشکەکم ئەمڕۆ خوارد بێ تۆ
بەرد هاویشتنە پاداشی کڵۆ
ئەحمەدی عەزیزئاغاش کە بە نوکتەبێژ و قسەخۆش و بەنەستەق بەناوبانگە، بەم سێ دێڕەی خوارەوە وەرامی پیرەمێردی داوەتەوە، وەرامەکەی هەر لەسەر نامەکەی پیرەمێرد نووسیوە.
خاڵەگیان یاخوا ڕووی «بزن» ڕەش بێ
منی ڕووڕەش کرد هەر ئەوەی بەش بێ
بە خوا ئەوساتەی تۆ تەشریفت هات
من زۆر مەشغووڵ بووم بە بیرما نەهات
لە جیاتی گیپەی ئاوساوی نەکوڵاو
پێشکەشت ئەکەم دوو پەردە پڵاو