گاڵتە و گەپ

لە چیرۆکێکی مەلای مەزبوورەوە وەرگیراوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1239 بینین
پیاوێک بوو ناوی مەلا سێ پارە بوو
دەستە پاچە و مانگر و پەتیارە بوو
خەڵک وتی با دانەنیشێ وا بەتاڵ
هێنایان کردیان بە مامۆستای مناڵ
ئافرەتێکی بوو کەتەی چل شوو کەرە
دەمشڕ و تەڕپیر و پەردە لابەرە
چۆپیکێشی ڕەشبەڵەک، بەربووکی بووک
دڵ بەجێهێنەر بە مەکر و نووکەنووک
چل قڕانی بوو بە مامانی و خەڵات
بۆ مەلا ئەیدا بە کەر کاروان بکات
پارەکەی وەرگرت مەلا، ڕووی کردە شار
دای بە گوێدرێژێکی ڕەختەی خەرجی بار
هاتەوە هەوساری بەستە قۆڵی خۆی
سێ کەسی چوختی بەپیلان کەوتنە دووی
هات یەکێکیان کەوتە لنگە و چەند و چۆ
تا مەلا یەکجاری غافڵ بێ لە خۆ
دووهەمین ڕەشمەی لەسەر کەر کردەوە
خستیە سەر خۆی لەنگەری بۆ گرتەوە
هەر بە پێ و دانی کەرە هەنگاوی نا
تا ئەوی تر هات کەری بردە پەنا
سێهەمین گوێدرێژەکەی دوور خستەوە
کەر برا هێشتا مەلا ئەیڕستەوە
پیاوەکەی بووبوو بە کەر خۆی ڕاتەکان
ڕەشمەکەی خۆی گرت و هەوساری پسان
کاک مەلا ئەوسایە ئاوڕی دایەوە
چاوی کەوت بەو پیاوە هەڵوێستایەوە
بانگی کرد: من تۆم کڕی کەر بووی کەچی
ئێستە وا دوو پێت هەیە و لە پیاو ئەچی
پێی وت: ئینسانم، بەڵام زۆر توندخووم
شێت و نادان بووم بەگژ دایکما ئەچووم
ڕۆژێک لێم دابوو، دۆعای کرد بووم بە کەر
چەند لە ژێر باری گرانا بردمە سەر
ئێستە چاوی کەوت بە من ڕەحمی بزووت
وا دۆعای کرد بووم بە پیاو لووت و بزووت
باوەڕی پێ کرد وتی: لاچۆ بڕۆ
قەت بە عەقڵی خۆت مەبە ئیتر خەڕۆ
خۆیشی چوو بۆ دێ قسەی گێڕایەوە
کەوتە دەم خەڵکی کە دەنگی دایەوە
خەڵک لە لایان خۆش بوو باربووی بۆ کرا
پارەیەکی زۆرتری بۆ ڕێک خرا
هاتەوە بازاڕ کە کەر بکڕێتەوە
تێفکری عەینی کەرە بۆی دێتەوە
چوو بە گوێیا وت بە سرپە و لۆمەوە
ئەو گووەی خواردووتە من نایخۆمەوە