ئیعلان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  705 بینین
دوێنێ شەو شەیتان هات بە پێکەنین
وتی: ئیعلانم هێناوە بۆ ژین
خۆت کەڵکت نییە پێت پێ ناکەنم
نایەم بە لاتا وەک خاڵۆژنم
ئیعلانی دانا و سووکێ بۆی دەرچوو
ڕوانیم مەئالی ئیعلان ئەمە بوو
تاقمی «زەبانییە» ی جەهەنەم بیستن
ئێستا نۆزدەیان هەیە بە بیستن
قورئان فەرموویە: «تسعه عشرعەرەبی»
یەکێکیان کەمە کار ناچێتە سەر
مانگانەی ئەوان هەزار دینارە
کێیە تالبی چوونە لەم شارە؟
هەر مانگی هەزار دینار کەم نییە
بۆ ئەربابی خۆی خراپی چییە
وا ئێمە بە ژین ئیعلانی ئەکەین
چوار شەرتی هەیە بەیانی ئەکەین
شەرتی یەکەمیان ئەبێ بەدکار بن
نابێ بە کردەی چاک لەکەدار بێ
دووهەم بە لەشی پیس ڕایبواردبێ
نەخەڵەتابێ نوێژی کردبێ
سێهەم هەرچی پێی ئەڵێن موسکرات
قەت بوارەی نەبێ بیست و چوار سەعات
چوارەمیان نامووس لای مێشوولە بێ
سوێندی بە شەرەف وەک پەپوولە بێ
ئەمجا هەر کەسێک ئەیەوێ بچێ
ڕاکات بۆ ئەوەی لەکیسی نەچێ