دیسان «ناڵەی پیران»

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  781 بینین
خوایە فەرمووتە خۆت لە قورئانا
لە پەرستشی جن و ئینسانا
خەلقی جن و ئینس بۆ عیبادەتە
پەرستنی تۆ ڕێی سەعادەتە
حەدیسی قودسیش هەردوو یەک باسن
کەنزی پەنهان بووم ویستم بمناسن
ئەو بۆ عیبادەت، ئەم بۆ ناسینە
ئەم دوو ئایەتە بۆ یەک ئایینە
«خلقتَ الحق لكي أعرفُعەرەبی»
بۆ کێ دەست ئەدا هەروا زوو بە زوو
سا مەگەر ڕشتەی هیدایەتی تۆ
بۆ ئەو ڕایەڵە بێت بە تان و پۆ
ئەگینا بێ تۆ، ئەو ڕێی ڕەحمەتە
نوقتەی دێتە سەر دیارە زەحمەتە
توخوا با ڕەحمەت نەبێت بە زەحمەت
«نەبیکەس» ت بە ڕەحمەت ناردووە بۆ ئوممەت
دیارە موحتاجی دۆعای عەبدت نیت
ئەگەر نەتناسن تۆ دەربەستی چیت؟
ئەزانم بۆچی وا لوتف ئەنوێنی
دەستنوێژی خۆتن نایانشکێنی
دیارە ئاو خەلقی پەروەردگارە
سنعەتێکی وای لێوە دیارە
ئەو دارەی کە خۆی هێنابێتیە بەر
نوقومی ناکا ئەیخاتە سەر سەر
دیسان فەرمووتە کە پەروەردگار
زۆر لە لای خۆشە عەفوی گوناهکار
بزانە زەوقی عەفوی من چەندە
گوناهکار ئەبێ بە عەبدی بەندە
خۆ من ناوێرم ئەمە بێنمە دی
ئەگینا منیش عەفوی تۆم ئەدی
بەڵام ئەویشە باسێکی جوێیە
ئەو پیاوەی لەوە بگات لە کوێیە؟
من لەمانەم چی پیرێژنانە
نەتناسم ناچمە سەر گوێسەوانە
خۆشگوزەرانی بە دڵخۆشییە
ئاڵاندنە دنیا فەرامۆشییە
دنیا داوێکە کەوتووینە ناوی
دینمان ئەخەینە بەها و پێناوی
حەدیسە: دنیا و دین یەک ناگرن
هەر لایەی داوێک لە یەک دائەبڕن