ناڵەی پیری پیران

موناجات - نیسانی ساڵی ١٩٣٧
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1034 بینین
ئەی بەخشایندەی خاوەنی عەتا
ئەی خوداوەندی پۆشیدەی خەتا
ئەی بێ نیازی تەواو نەناسراو
ئەی تەنها ناودار، هەزار و یەک ناو
ئەی دەسەڵاتدار، دەست ناگاتە تۆ
ئەی پەروەردگار، هانای گشت بە تۆ
نەشئەیەک بدە بە گیانی مردووم
ڕووناکی چاوی هەوا کوێر کردووم
خوایە نازانم چیم لە تۆ بوێ؟
هەرچیم ئەدەیتێ من ئەوەم ئەوێ
پەروەردگارا عوزرم پەسند کە
لە ڕاستی گوناهـ جڵەوم توند کە
هەموو عومری خۆم، خۆم دام بە بادا
هێشتاکو شەیتان یەخەم بەر نادا
بوون و نەبوونم لەلا یەکسان کە
لە وەختی غەمدا شادیم ئاسان کە
خوایە ئەترسم لە گوناهی خۆم
دەستم ڕاکێشە دەستەوسانی تۆم
خوایە خوماری تۆم وا لەسەردا
شیعری سوپاسی تۆم وا لەبەردا
سەر و زمانم بە فکر و سبات
هەروا بێڵەوە هەتا دێمە لات
نەنگی دنیایی لە لای من خۆشە
بە نەنگی لای خۆت من دامەپۆشە
سەرم بە سەودای عەشقی تۆ گێژە
خاکی ڕوو زەردیم پیادا مەبێژە
خۆشەویستیی تۆم هەڵبژارد بۆ خۆم
لەرێی ڕەزاتا هەروا بەڵا جۆم
گەمێیەکی «نوح» بڕەخسێنە بۆم
لە گێژ سەرکەوم نەکەومە بن گۆم
پەروەردگارا هەرچیت هەڵبژارد
خەرمانی هەستی ئەوەت دا بە باد
بەوە موفلسن خەڵک کە نیانە
من بە بوونی زۆر ماڵم وێرانە
فەزڵت وەک لێشاو، شوکرت بێ پایان
غەیری تۆ کەسم نییە لە جیهان
خوایە ئەو کەسەی کە تۆ ئەناسێ
کەسی تر ناکڕێ بە لەتە داسێ
مەیلی تۆ وابێ بچمە جەهەنەم
بەهەشتم ناوێ بە ڕەزا بەندەم
خوایە دانام کە، نەک دانای بەدحاڵ
بیناییم بەرێ پێی نەکەومە چاڵ