حەفسە! بەهارە گوڵ گەشایەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
744 بینین
حەفسە! بەهارە گوڵ گەشایەوە
ئاوی کارێزی شەریف ژیایەوە
هاڕەهاڕی ئاو، خوێندنی بلبل
سەد بار پیریش بی شەوق ئەدا بە دڵ
چوالە گوڵی کرد، ئەرخەوان سوورە
هێشتا پشێوی لە ناو شار دوورە
گوڵاڵە سوورە بووکی بەهارە
منیش بۆ بووکێک دڵم داغدارە
بەفر و هەڵەکۆک لە من قەوماوە
گوڵ بە تۆفیقی هەولێر براوە
تا تۆ و «فەهیمە» خوش بن من هەروام
با وجوود هەتا دەمرم بە تەمام
نەیسە بێینەوە سەر باسی بەهار
وا سەوز بوو سێو و هەڵووژە و هەنار
شنگ و هەڵەکۆک پرچیان درێژ کرد
هێندەم پێشۆک خوارد کەللەمی گێژ کرد
دارێکی زۆرم کرد بە بێڵەکان
ئەیدەم بە ئێوە بۆ بن گۆزروان
وا بە خلەخل نیسانەکەش هات
چارشێوی سەوزی پۆشێوە وڵات
سی و جگەری زستان دەڵێن زۆر چاکە
بن تووەکەشمان ماڵیوە و پاکە
شیش و مقەڵی و ئاگرم داناوە
تەماتەی سەوزی پاریشم ماوە
پشتەمەغزە و دووگ، گورچیلەش دێنم
هەرچی بیفڕێنێ قۆڵی دەشکێنم
بەنگوکە و پیاز و کەوەر و تەرخوون
لەگەڵ بەهارا هەموو پەیدا بوون
سەرتوێژی ماست و پەنێری تازە
هەموو بەغداد بۆی ئاواتەخوازە
ئاخ ئا ئەم بەزمە بە تۆوە خۆشە
ئێوەی تیا نەبن بێتامە و بۆشە
شایی نەورۆزم کرد بە ناو و داو
ئێوە دیار نەبوون لێم بوو بە زووخاو
توخوا و پێغەمبەر بەسیە غەریبی
ئەو عومرە خۆشە لەگەڵ ئێمە بی
وا بە شوێنتانا خۆم دێمە ئەوێ
لام وایە میرزا منی خۆش ئەوێ
ئەگەر تەشریفی بێتەوە ئێرە
ئەوانی ئێرە ئەبنە گای گێرە
لە سایەی خواوە لە کاراین، زۆرین
میرزا گەورە بێ خۆش ڕائەبوێرین