بۆ «فەیسەڵ»
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
668 بینین
پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی بۆ فەیسەڵ کوڕی ئەحمەد ئەفەندی هەولێری وتووە کە لە ٦ ی مارتی ساڵی ١٩٤٣دا لە هەولێر خۆی کوشتووە یا کوژراوە.
هەورێکی سوور، لە کاولی وەتەن، کەوتە گرم و هووڕ
دایڕشت بە شین و گریەوە، فرمێسکی خوێنی سوور
وامزانی پێشڕەوێکی گوڵاڵەی بەهارییە
گوڵی نەورۆزە، بەرگی سووری کوردەوارییە
هەی ڕۆ! تومەز گوڵاڵە نەبوو، خوێنی لاوێک بوو
هەڵکەوتوویەک بوو بۆ هەموو کورد نووری چاوێک بوو
لەم کاتەدا کە گوڵ لە هەموو لاوە دەپشکوێ
کوێر بی فەلەک، لە تازە گوڵی ئێمە چیت ئەوێ؟!
چرایەک بوو بۆ نیشتمان، خۆی بەو هیوایەوە
ئەیویست ڕووناکی بنوێنێ، ئاخ زوو کوژایەوە!
خوا کوڕینە سا تێر بگرین شینی فەیسەڵە
ئەو خوێنەی وا ڕژاوە هیوای کوردی تێکەڵە
گومەڵ غەزایە، ماتەمە، شینە لە ناو گەلا
تەئریخییە: فەیسەڵە چووە بۆ خزمەتی مەلا