هاوین
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1053 بینین
پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی لە ٢٧ی ئابی ساڵی ١٩٤١دا بەبۆنەی ئەو گرانییەوە وتووە کە لە شەڕی جیهانی دووهەمدا ڕوویداوە.
هەوای هاوینە، هەوای هاوینە
ئەمساڵ هاوینمان زۆر لێ بەقینە
گڕی ئاگری سەبوون بەتینە
بەرگی ئاسمان بۆ ئێمە شینە
فەسڵی گوڵشەنی باغی پێنجوینە
***
ئەو سەبوونەمان لە کوێوە بۆ هات
بە تینی گەرمی هەڵقرچا وڵات
ئەستێرەی تالع ڕووی کردە نەهات
بێ شنە و سروەی شەماڵ کزومات
دڵ بەم گەرمایە کز و غەمگینە
***
گردەکەی یارە جێی خۆرەتاوە
ڕێگای سەیرانی نەورۆز بەسراوە
کارێزی شەریف ئاوی نەماوە
ئەرخەوان لق و پۆپی شکاوە
گردەکەی سەیوان جێی زار و شینە
***
سا خوایە هەڵکەی کزەی شەماڵێ
هەوای ژەنگی غەم لە دڵ بماڵێ
ئای بۆ دەنگخۆشێک لەگەڵ شمشاڵێ
بە ئای ئایەوە تێر بۆم بناڵێ
دەردم کارییە و جەرگم برینە
***
گوڵ بووە بە خار، بلبل پڕ جەخار
باغەوان کەوتووە لە پەنا حەسار
شاباز تۆڕی کرد، گلا میرشکار
یەکسەر گرانی کەوتە ناو بازاڕ
کەوتوونە ڕەواج سڵق و پەڵپینە