مزگەوتی خورماڵ

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  848 بینین
چوومە مزگەوتی خورماڵ بە گریان
ئاخ ڕۆژی ڕەش و وێران و عوریان
تەهلیلە بووە بە چەکە و کەوان
ڕێزی بەستووە ئەسپێی مریدان
هەر ماڵی خوایە و ئەبرێ بە تاڵان
***
ئاساری کۆنی ئیسلام ڕووخاوە
بە جاڵجاڵۆکە مینبەر تەنراوە
ئیمامی میحراب کوولەکەی ئاوە
پێخەفی کۆنی تیا هەڵچنراوە
خەڵک لەبەر بێگار هاتوونە ئامان
***
دەوری ئەسحابان سێ مزگەوت کران
یەکێک لە «نگڵ» دووەم لە «کرمان»
سێهەم لە خورماڵ سەرچاوەی کوردان
هەر سێ ئاساری ئەوڵای هۆمەران
ئاساری فەخرە بۆ دەوری ئەوان
***
سوڵتان سەلیم گۆی شاهی بردەوە
قوببە و منارەی تازە کردەوە
قەڵایەکی کرد بەو سەرگردەوە
سەربەرزیی خستە قەومی کوردەوە
شێخ بوو بە وارس بۆ موڵکی ئەوان
***
کە شێخان تۆبەی مرید دائەدەن
ئەڵێن «دەستزەنی» ماڵی کەس مەکەن
بەڵام کە خۆیان مرید ڕووت ئەکەن
مەکەیان بۆ نییە سواڵکەری «مەککەن»
موڵکی خوا و سوڵتان کەوتە دەست ئەوان