باوەڕ ئەکەم کە گیانی بڵند نامرێت و ئەژی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  706 بینین
بە بۆنەی چل ڕۆژ تێپەڕ بوون بەسەر کۆچی دوایی «جەمیل سدقی زەهاوی» دا لە شاری بەغدادا لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی مایسی ساڵی ١٩٣٧
باوەڕ ئەکەم کە گیانی بڵند نامرێت و ئەژی
جاران بە خەو بوو، ئێستە بە دیمانە هاتە دی
چەندە گیانی مردوو بانگ ئەکرێ و گفتوگۆ ئەکا
فەن بۆ ژیان هەتا سەری گیان جستوجۆ ئەکا
بڕوانە ئاسمان بوەتە پەلکی زەرد و سوور
گیانی زەهاوییە کە ئەدرەوشێتەوە لە دوور
گوێم لێیە بانگ ئەکا کە بەخێر بێن بە کۆمەڵی
ئەم هاتنەتان نیشانەیە بۆ ڕەنگی یەکدڵی
شادم بە مەیلەوە یادی ئاوارەییم ئەکەن
دیارە بە قەدری خوێندنەوە بەرز ئەبێت وەتەن
هەتا حورمەتی گوزەشتەی بێ، تازە پێ ئەگا
خوێنی حەماسەت هەڵدەقوڵێنێ لە ناو ڕەگا
دەرکەوت زەهاوی وا لە دڵی ئێمەدا ئەژی
چەند بەختیارە، دیارە کە ئاواتی هاتە دی
سەد ساڵی تر بپرسی، جەمیل سدقی وا لە کوێ؟
دەنگی بڵندی خۆی لە هەموو شیعری دێتە گوێ
ناڵێم کە هەیکەلێکی ببێ، وێنە مردووە
دیوانی شیعری چاکترە ناودار و زیندووە
جاران بە شیعری ئەو بوو کە «فردەوسیکەس» ناسرا
فردەوس بوو بە هەواری دوو فردەوس وەک برا
کاک جەمیل بە یادی جەمیلت بوو کە شیعرم هات
ڕاوەستە زۆری نەماوە کە منیش بێمە لات