کاروان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1002 بینین
جاران دە ڕۆژ بە هەچەهەچە و بارەبەرییەوە
بە گەرما و سەبوون و لێزمەی باران و تەڕییەوە
ترسی تەڕیدە، پێشکەشی سوار، شەوفڕێنی دز
دەستیاوی باری کەوتوو لە جێگای خلیسک و خز
ئەرکی گزیر و خانەبگیر و مۆریانی نوێن
بۆڵەی کەبانوو، کفری قەتارچی، پلار و جوێن
چنگ سووتەکەی بە ئاو و کەڕووی نۆردوە نانی کۆن
جووتە و لەقەی ناو تەویلە و هاڵاوی تەرس و بۆن
ئاگری تەپاڵە، لوکسی گزگل، گەڤێنی سەگ
دەستەویەخەی قەتارچی لەسەر کاو شەڕەکوتەک
سیخورمەی قەتارچی بۆ هەڵسان و پەلەی
لۆقە و تریسکەی ئێستر و بازدانی جۆگەلەی
لاسەنگی بار بدەرە بەر پارسەنگی خواریەکەی
خۆ وتی پێت لە خرتکە چوو، لەو دەشتە چی ئەکەی؟
ئێجگار کە ئافرەتت لەتەکا بوو بە ترسەوە
هەر سوارێک دەرکەوێ ئەڵێی ئای جەردەیە ئەوە
باج و پیتاکی زەنگەنە، گیر و گرفتی جاف
هەرچیش کە هاتە ڕێ هەمەوەند بردی ساف لە ساف
بەم کوێرەوەریە و کولەمەرگییە، بە چڵکەوە
سێ بەنگە وەرگەڕا و بە سەر و ڕیشی کوڵکەوە
ئەمجا دەچوویتە شارەوە، ناو ماڵی «عاسمە»
بێت و بنووسرێت نابیتە خوێی چێشت ئەمە کەمە
ئێستا سواری ئوتوموبێل بە، بە سێ سەعات
ئەتباتەسەر شەمەندەفەر دەستوبرد کە هات
سوار بە بنوو، بەیانی لە خەو هەستە زوو بە زوو
بەغدایە هات بە پیرتەوە دەیبینی ڕوو بە ڕوو
جاران ئەیانوت: ئەوە «وەلی» یە تەییی ئەرز ئەکا
پێچانەوەی زەوی نییە، عیلمە کاری بەرز ئەکا
ئینجا کە هات بروسکە خرایە تەلێکەوە
هێنرایە خانووەوە لە چرای هەر پەلێکەوە
زۆرتر لە مانگەشەو دەر و ژوور ڕووناک کرایەوە
تاریکی لاچوو تێگەیینی ئێمە مایەوە
جارێ ئەبێ بزانین ئەمانە لە کوێوە هات
چی چاکترە لەمانە بۆ بەرزیی وڵات
لە لای من خوێندەوارییە، ئاهـ خوێندەوارییە
هەر میللەتێک کە عیلمی نەبێ دەردی کارییە
ئاخ خوێندنیش وەکوو من ئارەزووی ئەکەم
بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم