بە ناوی «خاک و خۆڵی» یەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
716 بینین
لە بەردی توانج هێند سەرم سوڕ ما
بەرد بوو بە کولانەی سەرما لە سەرما
لە فەلەک دڵم لە خۆی نامێنێ
کە کەچی لەگەڵ مندا ئەنوێنێ
سەری خورشیدی بووکی بڕیوە
بە پاشکۆی خۆیدا هەڵیواسیوە
پێم ئەڵێن پۆکەر مەکە حەرامە
ئەوەی حەڵاڵ بێ لەم شارە کامە؟!
کیلۆیەک شەکر لەجێی یەک تەنە
ئەوی هەرزان بێ لافی وەتەنە
سەردەمێک باو بوو نیشتمانپەرست
ئێستا بڕشتی بڕاوە بە ڕست
داخی داخداریم ناوە لە دەستم
کە وتبێتم وەتەنپەرستم
بە ڕێکەوت هەرچی بۆی ڕێکەوت ڕۆژێ
وەک دەعبا پەنجەی دایکی ئەکرۆژێ
پێستی ڕوومەتیان هێندە ئەستوورە
تەڕی و تەریقی زۆر لەوان دوورە
ساخوایە بەسیە ئەم تەنگانەیە
کەیف و قرپ و چرپ بۆ بێگانەیە