تاقتاقکەرە
لە ساڵی ١٩٤٥دا بە ناوی «بێ ناو»ەوە بڵاوی کردۆتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1119 بینین
تاقتاقکەرەکەی سەر داری کانی
بۆچ ئەناڵێنی هەتا بەیانی
هیچکەس ناتوانێ تا ڕۆژ بناڵێ
مەگەر عاشقی سەودایی خاڵێ
ئەوا من دیارە بۆ یار ئەناڵم
تۆ پەیجۆری کێی؟ هاوار بە ماڵم
من گەنجی شادیم جەردەیەک بردی
تۆ چیت لێ قەوما؟ کێ وای لێ کردی؟
من ڕوخسارێکی وێنەی شەمم دی
دەردی پەروانەم لێ هاتۆتە دی
ناڵەی من لە شەوق ئەو ڕوخسارەیە
ئاهم لە دووری ئەو دیدارەیە
تۆ کێ دەروونی وا هەڵقرچاندووی
کام بەفر وا بەم دەردەی گەیاندووی
من سووتاوی ئەو شوعلە و ئەو نوورەم
دێوانەی جەزبەی ئەو کێوی توورەم
مووسا «أرنیعەرەبی» ی وت کەوتە تکا
بە «لن ترانیعەرەبی» ئابڕووی تکا
منیش تەمەنای دیدارم ئەکرد
لە جیاتی دیدار ئەم عەشقەم وەرگرت
دیارە من و تۆ هەردوو هامفەردین
هەردووکمان وەک یەک تووشی یەک دەردین
وەرە هەردووکمان ناڵەمان یەک خەین
بەڵکوو بەم عەشقە نیشتمان سەرخەین