یاری چاویەشاو
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
864 بینین
دیدە، دیدەی تۆ! دیدە، دیدەی تۆ
با گەیاندیە گوێم، ئێشی دیدەی تۆ
دیدەی شابازی خۆش پەروازی تۆ
دیدە نموونەی عیشوە و نازی تۆ
قولاپی جەرگی ئەوەی ئەتبینێ
ئیتر خودگیری لەلا نامێنێ
ئای جەزبەی چاوت چەند بە تەئسیرە
بە نیگایەکی دڵ چەند ئەسیرە
حەیفە ئەو چاوە لەبەر چاو نەبێ
دڵی عاشقان پێی بەداو نەبێ
شێتی چاوت بووم چوومە میری سوور
دۆعام بۆ کردی لە نزیک و دوور
چاوی چڵکنە لێت کەوتۆتە کار
بە «ان يكادواعەرەبی» بۆت کەوتمە هاوار
کاشکی دوکتۆری چاو بوومایە من
ڕەگی چاویەشەم ئەکێشا لە بن
دەرمانی لای خۆم ئەدۆزێتەوە
بێم چاوت ماچ کەم چاک ئەبێتەوە