وامئەزانی

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  894 بینین
وامزانی کە من دڵم دا بە تۆ
دڵی تۆش بۆ من ئەبێ بە مەکۆ
چی بکەم دڵەی شێت تووشی تۆی کردم
بە سەودای بێ سوود لە ناوی بردم
تۆش تێگەیشتووی دڵ وا دوشمنە
ئیتر لە لای تۆ بووە بە گای بنە
ئەگینا ئەگەر دوشمن نەبوایە
نەتئەهێشت بێتە ئەو بەردەرگایە
بەڵام گیانەکەم ماددەی تۆ بۆشە
لە تێکەڵیدا هەر ڕاستی خۆشە
دڵی ئەڵماسی بێگەردم ئەوێ
شتێ ساختە بێ زوو دەرئەکەوێ
توخوا حەیف نییە وەک ئەڵماس جوان بی
بە ژەنگی خوێنی عاشق پەنهان بی
دڵ بفڕێنی بەدخوو بی وەک خۆت
ئەم جەور و زۆرە خێری چییە بۆت؟
چی دەبێ ڕۆژێک ئەگەر هی من بی
دەست نەوەشێنی و ساتێک هێمن بی