کەوتە کڵێشەم

لە ساڵی ١٩٤٠دا بە ناوی «دەباشانی» یەوە بڵاوی کردۆتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  863 بینین
کەوتە کڵێشەم، کەوتە کڵێشەم
شەوێک سەودای لەیل کەوتە کڵێشەم
پەروانەئاسا، تەوافی ڕووی شەم
تێکی هەڵشێلا هۆش و ئەندێشەم
ژاری پەژارەی بێ سامانمە
بە زۆری شۆریی سەودای پڕ سەودا
ڕوو بکەمە کۆی یار لە نیوەشەودا
سەرگۆنای ماچ کەم لە شیرین خەودا
هەرچیم بێتە ڕێ لە ڕێگەی ئەودا
خواست و ئارەزووی دڵ و گیانمە
بەرگی شەوگەردی نیلیم کردە بەر
پەڕەبەلۆکەم لێ بەستە کەمەر
جامانە و چەفتەی سورمەم نایە سەر
وەک شێری شەرزە لە لان هاتمە دەر
ئەمشەو لە مەرگ و ژین قەیرانمە
تیپی زیندەوەر یەکسەر کش و مات
کەڵەشێری عەرش قوقوی نەدەهات
شەوی دەیجوور بوو، مانگ هەڵنەدەهات
هەنگاوم نایە ڕێی هات و نەهات
بە قەڵەم بازی عەشقی جانانە
ڕێگام لێ بووبوو بە هەردەی دوجەیل
تا خۆم گەیانە ئاستانەکەی لەیل
دڵ بە ئەندێشەی ترس و هەوا کەیل
گەیمە خوابگای جانانەی پڕ مەیل
سامی وەک پایەی عەرشی ڕەحمانە
بێ خشپە و بێ هەست گەیمە سەرینی
بە نەشئەی شێتی هیچم نەبینی
دەمم گەیانە خاڵی جەبینی
ڕاپەڕی وتی: تۆ کام بێ دینی؟
چۆن گەیشتیتە ئەم جێ و مەکانە؟
سەری هەڵبڕی، چاوی بە من کەوت
یەخەی دادڕی، بەیانی دەرکەوت
سفیدەی بەیان سەر ڕەشی شەو کەوت
هێندەی جنێو دا تووڕەیی سرەوت
جنێوی بۆ من بوو بە بەهانە
وتم: جنێوت خەڵاتە بۆ من
کەمەندی سەودای تۆم کەوتە گەردن
وا ڕامئەکێشێ بێ باک لە مردن
زیندەگانی خۆم لێ بوو بە دوشمن
ئەگینە چیمە لەم هەوڵدانە
وتی: من چی بکەم ئەمە حاڵمە
بە دەست من نییە خەڵک عەوداڵمە
هەمووی ئاشووبی چاوی کاڵمە
خەتای تۆ نییە فیتنەی خاڵمە
ئەگینا من چیم لە ئەزێتدانە؟!