هێند خەوی بەختم گرانە، سەر بکاتە کۆشی حەشر

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  862 بینین
دووبارە پیرەمێرد لە کاتی خۆیا ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بە ناوی «شێخ ئەبولوەفا» ی کوردییەوە بڵاو کردۆتەوە بەڵام هەڵبەستی خۆیەتی:
هێند خەوی بەختم گرانە، سەر بکاتە کۆشی حەشر
چاوی هەڵنایە بە تینی ئاگر و تەئسیری بەفر
پێچ و تابی مەینەتی من دەستی چەرخی بەرکەوێ
تێکی دەشکێنێ بە ڕەنگێک شەو لە ژانی نەسرەوێ
تۆزی ڕێگاکەت بە چاوما بێ، جەواهیر، سورمەیە
کاولەکەی خۆم لا بەهەشتە و گونیە شاڵی تورمەیە
ئاخ! قەناعەت، گەنجی باقی و دەوڵەتی بێ مننەتە
ئۆدەکەی توونی حەمامیش بێ لەلام وەک جەننەتە
بۆیە بێزارم لە مەی ئەوەڵ قومی ژارقەندەیە
قەهقەهەی ئاوی سوراحی دڵگەش و پڕخەندەیە
جاری جاران بوایە من عاشق ئەبووم و شێت و وێت
ماڵی سەربەستی کچان ئاوا کە شوکرانەی ئەوێت
ئێستە بۆ عاشق کەمەندی زوڵف نەماوە بیگرێ
خۆم لەبەر پێی جوانەکانا ڕائەکێشم بێ گرێ