لە ناو ڕەزانا
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
951 بینین
لە ناو ڕەزانا، لە ناو ڕەزانا
ئەگەڕام بە ناو ڕستی مێوانا
مێوم دی لە توێی شێوەی عوریانا
گرژ بووبوو لە ناو گەڵاڕێزانا
وەختی بەوەرزی تەرزی خۆش تەرزی
سەری بەرز ئەکرد بە بەرگی سەوزی
هێشووی مرواری گەردنی بەرزی
بە بای غروری شۆخی ئەلەرزی
تیفتیفەی ئەدا نمنمەی باران
بۆ تامەتامەی گرۆی مەیخواران
گەڵای بۆ خەنەی زوڵفی نازداران
ترێکەی ئەبوو بە دیاری یاران
ئێستا بێ بەر و بێ سەر و سامان
ڕەنگزەردی وەرەم سەر تا بە دامان
بە شنۆی خەزان وێنەی نەمامان
ئەلەرزێتەوە ئامان سەد ئامان
پرسیم: ئەی هەڵەم، دانەت بێ هەڵەم
بۆچ زەرد هەڵگەڕای بە دەردی وەرەم؟
شەراب لە میوەی تۆ دێتە بەرهەم
ئەبێ بە شفای پەژارە و ئەلەم
توخوا پێم بڵێ، چییە ئەم دەردە؟
ئەم پەشێوییە و ئەم ڕەنگە زەردە؟
ئەم بێڕەنگییە، بەم قەوزەی سەردە؟
ئەم مەلوولییە وەک ئازیز مەردە
وتی: لێم گەڕێ، دەروون لە غەم کەیل
منیش وێنەی تۆ کەوتمە سەودای لەیل
عاشق بووم بە ڕووی ئەستێرەی سیوەیل
شۆڕی کەوتبووە دڵەکەی پڕ مەیل
پرشنگی جەوری هەڵیقرچاندم
سەودای دڵداری جەرگی سووتاندم
دوایی بێ مەیلی خۆی پێ نواندم
بای بێ وەفایی هەڵیوەراندم
وەسیەتی من بێ، جوانت خۆش نەوێ
کێ دیویە وەفا لای جوان دەست کەوێ
گیرۆدەت ئەکا بە تەنها شەوێ
لەپڕ وەک ئاسکی سڵ لێت ئەڕەوێ
ئێستا وەک جوانان ڕۆڵەی زەمانە
کەمەندت ئەکەن بە گیانە گیانە
بۆ ئیش پێڵاوت لەسەر چاوانە
کە ئیشیان نەما دەردت گرانە