پیرەمێرد لە ناو گوڵانا

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1163 بینین
هەڵسە، وا گوڵان کەوتنە پێکەنین
با ساتێ لە ناو گوڵانا بژین
یەکەم «نەورۆز» ە دەرچووە لە خاک
لە عەشقی یاران شێت و یەخە چاک
سێ گەڵای جوانی لەملا و لەولاوە
هەرسێ تەڵاقی دڵتەنگی داوە
«ئابی» و «ئاوداری» و «نیلوفەر» ی زەرد
حاشیەی دەوری وەک خاڵی بێگەرد
گوڵە «قەیسەری» بەرزە ڕەنگاوڕەنگ
«لالە» و «شەقایق» ئاڵ و شۆخ و شەنگ
«شەوبۆ» ی عەترئامێز خۆشبۆی خۆشنەفەس
بۆ بەرگەردنی «مینایی» ئەنفەس
گوڵە «سۆسەنان» نازک و نازدار
شفایە بۆ دەرد «شەقشەقە» و «بیمار»
«فامیلیا» ی سپی لە پای بەفراوان
لەنجە و لارێتی وەک کۆرپەی باوان
«چنوور» لە دەوری ئەڵقەی بەستووە
پەنجە پێی پیانای بەدی گەستووە
«گوڵەبەڕۆژە» عاشقی تەواوە
«نیلوفەر» ئەویش پەروەردەی ئاوە
ئەسووڕێتەوە ڕوو لە هەتاوە
کە لە ئاو بڕا بێ ئاو خنکاوە
«وەنەوشە» ی سەرشین لە شوێن هەواران
گەردنکەچی غەم دووری نزاران
«بەڕەزا» بە چین توڕەی تاتاوە
با ئەیشەکێنێ بەملا و بەولاوە
بە شکنجی زوڵف خۆش قوماشەوە
تاتا پەخشانە بە ڕووی تاشەوە
«پەردە عروسی» لە پەردەی سوورا
ناز و نووزێتی بەسەر چنوورا
گوڵی «بەیبوون» و گوڵی «موفەڕڕەح»
بۆنیان خۆشترە لە «مسکی» و «قەدەح»
گوڵی «سنەوبەر» گوڵی «یاسەمەن»
لەگەڵ «نەسرین» و گوڵی «نەستەرەن»
گوڵی «نیسان» و گوڵی «زەردەگوڵ»
پێکەوە ئەڕوێن لەگەڵ «قرنفڵ»
گوڵی «خاشخاش» و گوڵی «کۆهکەن»
گوڵی «پایتونیا»، ڕەونەقی چەمەن
گوڵی «شاپەسەن»، «لالە عەباسی»
«چەشمە خرۆش» و «زوڵفی هەیاسی»
گوڵی «ئەسپەکی» و گوڵی «دووپشکە»
گوڵی «قەتارە» و گوڵی «گوێ مشکە»
گوڵی «ساق سپی» و گوڵی «خەنایی»
«گوڵچینی» و «جەوهەر»، «گوڵە خەتایی»
«خەتمی» و گوڵ «تەبەق» دوو شێوە و دوو ڕەنگ
باڵا وەک بەیداغ درەخشی ڕووی جەنگ
«لاولاو» عاشقی نەوبەر نەمامان
تێوە دەئاڵێ سەر تا بە دامان
ئەمانە ئەڕوێن لە خاکەکەمان
کەچی قەومەکەم لە پایەی کەمان
بەهارمان خەزان، پێ هەڵخزانە
بۆ نەونەمامان گەڵاڕێزانە
سا خوایە تەنها ئێمەش تۆمان هەی
پەروەردگارا کەرەمت بۆ کەی؟