کوردی ڕەوان
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1455 بینین
سبەینێ بوو، لە خەو هەستام کە ڕوانیم بەفرە باریوە
سلێمانی ئەڵێی بەلقیسە، تارای زیوی پۆشێوە
دەمێک بوو چاوەڕێی بەفرێکی وابووم، مژدە بێ! باری
سەرم بەفرە کەچی هێشتا شەڕەتۆپەڵمە بۆ یاری!
لە بیرمە شیرە بەفرینەم ئەکرد، سواری ئەبووم بێ زین
نسێ بوو جێگەکەی ئەیبەست، ئەما تاکو دەمی هاوین
بە بەرگی سپیەوە چەند شۆخە شاخی گۆیژە بیبینە
لە ڕەنگی ئاسمان دولبەرترە، ئەو سپیە، ئەم شینە
ئەڵێن بەرگی فریشتەی ئاسمانیش سپیە وەک بەفرە
فریشتەی ئێمە باڵایە، بەڵام ئاخ بۆچ ئەخۆین تەفرە؟!
هەموو پێچەکلووی بەفرێک فریشتەی خوای لەگەڵدایە
فریشتە کەوتە ناومان، بۆیە وا ئاشووب و هەڵڵایە
ئەوا ساماڵی کرد، ڕۆژ کەوتە سەر شاخی گڵەزەردە
بە سەر ئەو بەفرەدا تیشکی هەتاو ئەڵماسی خوا کردە
بە سەر گۆنای سپیدا خشڵی زێڕینە بریسکەی دێ
پەری سەر کێوی قافیش هێندە پرچی زەردی خۆی لێ دێ
لەسەر سەربان بەفر توێژاڵی بەست، وێنەی چۆڕی شیرە
قەتارەی سەر لق و پۆپی درەختان چەندە دڵگیرە
چلوورەی گوێسەوانە، پڵپڵەی زیوی کچە کوردە
سەهۆڵ ئاوێنەیە، لێکدانەوەی ئەم دوو شتە وردە
کە پیرێژن سەرو پۆیلەی بە شینی چلە تێک ئاڵا
بەهاریەت، داری پیر ئەژێتەوە دێتە قەد و باڵا