تاڤگەی زاڵم زەڵم
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1390 بینین
تاڤگەی زاڵم زەڵم، تاڤگەی زاڵم زەڵم
گریەی چاوی چەرخ پڕ لە ناڵە و تەم
زادەی جەرگی کێو، مەوجوودی عەدەم
دێوانەئاسا شەیدای ڕوو لە چەم
سەر لە بەرد ئەدەی تۆش بە سەودای شەم
سرەوتت نییە لە ناڵە یەکدەم
لەو کێوە بەرزە ئەکەویە خوارێ
ڕیزە مرواریت لە دەم ئەبارێ
دیارە عاشقی وا ناڵەکاری
سەحرا نەوەردی پەیجۆیی یاری
پەروانە بە سوڕ خۆی دەسووتێنێ
ئاوی ساردی تۆ جیهان ئەژیێنێ
ئەم سەر لە بەرد و ئەم هەڵپژانەت
«ياهو، يامن هوعەرەبی» ی قودسی تەرانەت
بۆ زیندەگانی شارەزوورمانە
ئاخ میللەتەکەت قەدر نەزانە
باغ و بێستانت لەبەرا ناکەن
تا بەو سایەوە وڵات ئاوا کەن
ئەگەر گشت کێڵگەی داچێنرێ دەلێن
فیرعەونی خاکی میسری پێ ئەڵێن
ئەگەر شارەزوور بێت و ئاوا بێ
ڕۆژی شەتتی میسر ئەبێ ئاوا بێ
خۆرنەوەرزانی شای خان ئەحمەد خان
بوبووە نموونەی ئیرەمی جیهان
ئیستە ئەو شوێنە کەوا وێرانە
بۆ چاوی هیوام بووە بە تانە