ژووری سێدارە

لە کتێبی:
شیعر و هەڵوێست
بەرهەمی:
مەلا عەلی (1953-1979)
 3 خولەک  2537 بینین
برا دوور و خزم دوور کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ: ئاڵای سوور
***
بەرەو ژووری، بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیەو، جێ دارە
***
ئەڵێن: ئەمرێ و، لە ترسی مردن پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
***
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
***
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
 
پێ لە سەریان دائەنێم و ئەڕوانم،
بەرەو شاری جێ هەواری کاروانم
ئەگەم پێیان، چونکە دیارە جێ پێیان
ئێرەیە و لێی لانادەم تا ئەتوانم
***
ئەوا ئێستا کەوتوومە شوێن پێشڕەوێک
کە لێرە بوە لە پێش مندا چەند شەوێک
دیارە منیش هەر ئەوەندەی لێ ئەبم
وا بە نوێنی ئەو ئەشکێنم سەرخەوێک
***
خۆ بە نوێنی جێماوی دا ئەپۆشم
تا پێی سووک بێ، ئێشی لاشەی نەخۆشم
بۆتە بەڵگەی بە شوێن ئەودا ڕۆیشتنم
ئاخۆ کێی تر پێی دێتە شوێنی خۆشم!
***
دیسان ڕێگای شوێنی کەم لە پێشە
ڕێی گۆڕستان، کە دڵنیام ئەو لەوێشە
ئەگەر لاشەم نەشێ ببرێتە شوێنی
گیانم لە سەر گوڵی سەر گۆڕی مێشە
***
کە دڵنیام ئەچێتە جێی شانازی
لەو ڕێیەدا منیش ئەکەم گیانبازی
کە ئەو خوێنی خەڵاتی ڕێی خەباتە
خوێنی منیش ئەنەخشێنێ ڕێبازی
***
ئەو مەرگەی لێم ترساوە، ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و، بگرێ داوێنم!
با بمناسێ کە پێشمەرگەی «کۆمەڵە» و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم
***
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
***
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگەو، کادرم
کە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێی خەباتم
لەوێ لەنێو کوورەی شۆڕش ئاگرم
***
ئەگەر لێرە نەمتوانیبێ بجەنگم
لەوێ بەدەست هاوڕێیەکەوە تفەنگم
ئەگەر لێرە بەجێ مابم لە کاروان
لەوێ لە پێش کاروانەوە پێشەنگم